بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، کیێڤى پایتەختی ئۆکراین بەشێوەیەکی چڕوپڕ و جیاواز لە هێرشەکانی پێشوو لەلایەن روسیاوە بۆردومانکرا.
بەرپرسانى ئۆکراین دەڵێن، سەربارى زۆری ژمارەى موشەکەکانی روسیا، بەڵام سیستمی بەرگریی ئۆکراین توانیویەتی سەرجەم موشەکەکان، کە 18 موشەکی بالیستی بوون، بخاتە خوارەوە و هەر لە ئاسمان بیانتەقێنێتەوە.
بەڵام بەرپرسانی روسیا دەڵێن سەرجەم موشەکەکان و درۆنەکانیش ئامانجەکانیان بەتەواویی پێکاوە. ئەمەش لەکاتێکدایە مۆسکۆ بەر لە ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین، هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئەو وڵاتە چڕکردووەتەوە.
هێرشی موشەکاکان کە کاتژمێر دوو و نیوی بەرەبەیان بەکاتی ئۆکراین دەستیپێکرد، یەکێک بوون لەو هەشت هێرشەی کە روسیا تەنها لە مانگی ئایاردا بۆسەر ئۆکراین ئەنجامیداون.
بەهۆی تەقینەوەکانەوە دەنگی بەرز لەشارەکەدا بیستراوە و نیگەرانیی زۆری لای دانیشتوانی شارەکە دروستکردووە، بەڵام بەرپرسانی شارەکە لە رێگەی نامەی موبایلەوە دڵنیا کردووەتەوە کە سیستمی بەرگریی کارا کراوە و هیچ مەترسییەکییان لەسەر نییە.
سێرهی پۆپکۆ، بەرپرسی سەربازیی ئۆکراین لە کیڤی پایتەخت هێرشە موشەکییەکانی بە زۆرترین ژمارەی موشەک وەسفکرد کە لەماوەیەکی کورتدا و لەسەریەک ئاراستەی شارەکە کرابێت.
بەگوێرەی جەنەراڵ ڤالێری سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراین، شەش موشەکی کینژاڵیان تێکشکاندووە کە خێرایی هەر یەکێکیان 11 هەزار کیلۆمەتر بووە لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە روسیا پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هیچ سیستمێکی بەرگریی لە جیهاندا ناتوانێت پێش بەو موشەکانە بگرێت.
ئەگەر بانگەشەکەی بەرپرسانی کیڤ راست بن، ئەوا روسیا روبەروی کێشەیەکی چاوەڕواننەکراو بووەتەوە بەوپێیەى پێشکەوتووترین موشەکەکانی لەلایەن سیستمی بەرگریی ئۆکراین کە “وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکاوە بۆیان دابینکردووە” تێکدەشکێندرێن و ناتوانن ئامانجەکانیان بپێکن.
هێرشەکانی روسیا لەم مانگەدا دوای نزیکەی 50 رۆژ دێت لە هێوربوونەوەی دۆخەکە، بەڵام ماوەیەکە روسیا هێرشە موشەکییەکانی چرتر کردووەتەوە. بەرپرسانی ئۆکراین دەڵێن ستراتیژی ئێستای مۆسکۆ هیلاککردنی سیستمە بەرگرییەکانی ئۆکراینە کە تائێستا زۆر سەرکەوتوو بوون لە بەرپەرچدانەوەی موشەک و درۆنەکانی روسیا.
بەهۆی هێرشەکانی روسیا بۆ سەنتەرى شارەکان، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە ئۆکراین کوژراو و برینداربوون. بەشێکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی ئەو وڵاتە وێران بوون و تائێستاش نزیکەی هەشت ملیۆن و 200 هەزار هاوڵاتی ئۆکراینى وەکو پەنابەر لە وڵاتانی ئەوروپا خۆیان تۆمارکردووە، دوو ملیۆن و 800 هەزاری دیکەش رویانکردووەتە روسیا.