بەگوێرەى ئەنجامى هەڵبژاردنى 14ى ئایارى پەرلەمانى تورکیا، پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) دۆڕاوترین پارتى نێو هەڵبژاردنەکانە.
بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکان، لەنێو ئەو پارتانەى بەشدارییان کردووە، پارتى داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ژمارەى کورسییەکانى لە پەرلەمان کەمیکردووە، لەم هەڵبژاردنەدا 267 کورسی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنى 2018دا 287 کورسی بەدەستهێنابوو، واتە 20 کورسی کەمکردووە، کە 7%ى کورسییەکانى لەدەستداوە. ئەمەش کەمترین ژمارەى کورسییە لە 20 ساڵى رابردوودا.
بەڵام بەگوێرەى رێژەیە، هەدەپە لە ئاکەپە زیاتر کورسی لەدەستداوە، هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا 62 کورسی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنى 2018دا 67 کورسی هەبوو، واتە 5 کورسی لەدەستداوە، کەواتە 7.4% ژمارەى کورسییەکانى لەدەستداوە.
هەدەپە بەگوێرەى دەنگیش زیاتر لە ملیۆنێک دەنگى لەدەستداوە، لەکاتێکدا نزیکەى 5 ملیۆن دەنگدەرى نوێ لەم هەڵبژاردنەدا مافى دەنگدانیان هەبوو.
هەدەپە، کە لەژێر ناوى پارتى چەپی سەوز بەشدارى لە هەڵبژاردنەکاندا کرد دانى بە شکستدا نا، چیدەم کلچگوون ئۆچار، هاوگوتەبێژی پارتی چەپی سەوز، دەڵێت دان بەوەدا دەنێین، کە لەم هەڵبژاردندا سەرکەوتوو نەبووین.
هاوکات پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە گوتى، ئەم پرسە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی رەنج و ئازادی گفتوگۆ دەکەین.
هەدەپە پێچەوانەى هەڵبژاردنى پێشوو کە لە زیندانەوە سەلاحەدین دەمیرتاشى کاندیدکرد، بۆ هەڵبژاردنە کاندیدى نەبوو، بە ئاشکرا پشتگیرى لە کەمال کڵچدارئۆغلۆ، کاندیدى هاوپەیمانى گەل کرد، بەبێ ئەوەى بەشێک بێت لە هاوپەیمانییە شەش قۆڵییەکە.