زووم
پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان دواى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیان راگەیەندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەشوهەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسیەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
کاتژمێر 11:00ى پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ، شاندى پارتى گەیشتە بارەگاى مەکتەبی سیاسی یەکێتى، نزیکەى سێ کاتژمێر لە کۆبوونەوەدابوون، کۆبوونەوەکە پاش “دەستپێشخەرییەکە”ـى مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى هات، کە رۆژى 11ى ئەم مانگە لە رێوڕەسمى کردنەوەى مۆزەخانەى نیشتمانى بارزانى داواى کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى کرد.
لە راگەیەندراوى کۆبوونەوەکەدا هاتووە، دەستپێشخەرییەکە لەکاتی پێویستدا بوو، “هەردوولا هاوڕا بوون پێکەوە لەگەڵ لایەنەکانى دیکە هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو دەستپێشخەرییە و ناوماڵی کوردستانی رێکبخرێتەوە و لاپەرەیەکی نوێ لە کۆی پەیوەندیەکان بکرێتەوە”.
رۆژى یەکشەممە تیمى یەکێتى بایکۆتى شکاند و بەشدارىە لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیران. بەگوێرەى راگەیەندراوى هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتى و یەکێتى، هەردوولا ستایشی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ پەسەندکردنی پرۆژەی رێکخستنەوەی دارایی.
لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ” هەردوولا پەرۆش و هاوڕا بوون بۆ پەلەکردن لە هەنگاوە یاسایی و سیاسیەکان بۆ فەراهەمەکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا لەمساڵدا” .
راگەیەندراوەکە هاتووە، “هەردوولا بڕیارماندا وەک یەک تیم کار بکەین و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجامبدرێت بۆ فەراهەمکردنی کەشوهەوای لەبار لە رووی یاسایی و سیاسیەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن”.