زووم:
دوێنێ 14ی ئایار هەڵبژاردنە چارەنوسسازەکەی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیا کۆتایی هات و ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان راگەیەندرا، ئەنجامەکان لەبەرژەوەندى ئۆپۆزسیۆن نین و هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیش دەکەوێتە خولى دووەم.
لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات لەسەدا 49.2ی دەنگەکان و کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی زۆربەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسەدا 44.5ی دەنگکان و سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا لەسەدا 5.3ی دەنگەکانیان بەدەست هێنا.
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن هیچ کاندیێک رێژەی لەسەدا 51ی دەنگەکانی بەدەست نەهێنا و هەڵبژاردنەکە چووە خولی دووەم کە بڕیارە 28ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هاوڵاتیانی تورکیا نوێنەرەکانیان بۆ پەرلەمان هەڵبژارد. بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان هاوپەیمانی کۆمار لەسەدا 49.3ی، هاوپەیمانی گەل لەسەدا 35.6 و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی 10.3٪ی دەنگەکانیان بەدەست هێنا.
لە کۆی 64 ملیۆن دەنگدەر، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 18 ملیۆن و 548 هەزار و 790 دەنگ، پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە) 13 ملیۆن و 367 هەزار و 565 دەنگ، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) پێنج ملیۆن و 235 هەزار و 31 دەنگ، پارتی باش پێنج ملیۆن و 195 هەزار و 641 دەنگ، پارتی چەپی سەوز چوار ملیۆن و 574 هەزار و 258 دەنگ، پارتی رەفاحی نوێ ملیۆنێک و 399 هەزار و 938 دەنگ، پارتی کرێکارانی تورکیا 825 هەزار و 730 دەنگیان بەدەست هێناوە.
بەم شێوەیە ئاکەپە 267 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، جەهەپە 168 کورسی، مەهەپە 50 کورسی، پارتی باش 44 کورسی، پارتی چەپی سەوز 61 کورسی، پارتی رەفاحی نوێ چوار کورسی و پارتی کرێکارانی تورکیا 4 کورسی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە.
بەگوێرەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 ئاکەپە 20 کورسی و پارتی چەپی سەوز کە هەمان پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپەیە، پێنج کورسیان لەدەستداوە.
هەروەها مەهەپە کورسیەک، پارتی باش کورسیەک و جەهەپە و هاوپەیمانەکانیشی 23 کورسیان لە پەرلەمان زیاد کردووە.
بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکان لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانى کۆمار، کە لە ئاکەپە و مەهەپە و رەفا پێکهاتووە 322 کورسیان هێناوە.
هاوپەیمانى گەل، کە لە شەش پارت پێکهاتووە و ئۆپۆزسیۆنى سەرەکین 213 کورسییان بەدەستهێناوە.
هاوپەیمانى رەنج و ئازادى کە لە هەدەپە و پارتە چەپەکان پێکهاتووە 66 کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.
هەرچەندە هێشتا کۆمسۆنى هەڵبژاردنەکان قسەى لەبارەى خولى دووەمى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى نەکردووە، بەڵام بەگوێرەى رێکارە دەستورییەکان دەبێت رۆژى 28ى ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.
هەڵبژاردنەکە بۆ ئەردۆغان و کڵچدارئۆغلۆ دەکرێت، ئێستا چاو لەسەر دەنگەکانى سینان ئۆغانە، کە لە خولى یەکەمدا 5% دەنگەکانى بەدەستهێناوە، ئەو هێڵى سورى لەسەر هەدەپە هەیە و قسەکانى تاڕادەیەک لە بەرژەوەندى دەسەڵاتە، ئەمڕۆ گوتى، پرسەکانی شەڕی تیرۆر و ئاوارەکان یەکلایی دەکاتەوە پشتیوانی ئەردۆغان یان کلچدارئۆغڵۆ دەکەین.
لەبارەى ئۆپۆزسیۆنەوە سینان ئۆغان گوتى، هاوپەیمانی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی دەنگدەران بە توانای خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات رازى بکات.
هەرچۆنێک بێت رۆژانى داهاتوو یەکلایی دەبێتەوە، پشتیوانى ئەردۆغان یان کڵچداۆئۆغلۆ دەکات.