لەماوەی یەک هەفتەدا لە باشوری کینیا 10 شێر کوژران، کە تەنها لە رۆژی یەکشەممەدا 6 شێر بەهۆی ئەوەی لە برسێتیدا پەنایان بۆ خواردنی ئاژەڵی چەند گوندێک بردووە خاوەنەکانیان شێرەکانیان کوشتووە.
دامەزراوەی خزمەتگوزاریی ئاژەڵی کێوی کینیا رایگەیاند، “کوشتنی شێر بەم ژمارە زۆرە و لە یەک روداودا شتێکی ئاسایی نییە.”
روداوی کوشتنی شێرەکان دوای ئەوە هات کە رێکخراوێکی پاراستنی ئاژەڵان، بەناوی پارێزەرانی شێر، رایگەیاند کە بەتەمەنترین شێری ئەو دارستانە هێرشی کردووەتە سەر کۆمەڵێک ئاژەلی ماڵیی بەهۆی برسێتییەوە چەند دانەیەکی لێخواردوون و برینداریکردوون، بەڵام لەلایەن خاوەنی ئاژەڵەکانەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەمساڵ بەهۆی کەمی بارانەوە پێکدادانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵە کێوییەکان زیادیکردووە. چونکە بەهۆی ئەوەی راوکردنی ئاژەڵی کێوی لەلایەن دڕندەکانەوە قورس بووە، بە ناچاری پەنا بۆ ئاژەڵە ماڵییەکان دەبەن. ئەمەش وایکردووە کە خاوەن ئاژەڵەکان زۆر وریابن بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵیان لەدەستداوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا کینیا روبەرووی خراپترین وشکەساڵی بووەتەوە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا.
بەگوێرەى دامەزراوەی خزمەتگوزاری ئاژەڵی کێوی کینیا، رۆژی شەممە شەش شێر هێرشیانکردووەتە سەر مێگەلە بزنێکو لە ئەنجامدا 11 بزن و سەگێکان کوشتووە و لە ئەنجامدا رۆژی دواتر خاوەنەکەی هەر شەش شێرەکەی کوشتووە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شێرەکان هەموویان بەشێک بوون لە سیستەمی ژینگەیی ئەمبۆسێلی لە ناوچەی کاجیادۆی باشوری کینیا، کە شوێنێکی پارێزراوی ژینگەیی رێکخراوی یونسکۆیە لە نزیک چیای کیلیمانجارۆ.