زووم، ئاژانسەکان
بەگوێرەى راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی پشتبەستوو بە چەند بەڵگەنامەیەکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا، یەڤگینی پریکۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەری پشتیوانی روسیا، کە میدیا جیهانییەکان بە گروپی “بەکرێگیراو” ناوی دەبەن، بە نهێنی بە ئۆکراینی راگەیاندووە کە دەیەوێت شوێنی سەربازانی روسیایان بۆ ئاشکرا بکات، بەڵام ئۆکراین ئەمەی رەتکردووەتەوە.
سەربازانی گروپی ڤاگنەر ماوەی چەندین مانگە لە شەڕێکی سەختدان بۆ ئەوەی شاری باخموت کۆنترۆڵ بکەن. لە مانگی کانونی دوومی ئەمساڵدا، لەبەرامبەر ئەوەی کە سوپای ئۆکراین لەو میحوەرانەی ئەوان شەڕی لێدەکەن بکشێتەوە، پریکۆژین، کە هاوڕێی نزیکی پوتینە، ئامادەیی نیشانداوە شوێنی هێزەکانی روسیا بە دەزگای هەواڵگریی روسیا بدات، بەڵام ئۆکراین ئەم “ئۆفەرە”ی رەتکردووەتەوە.
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە گروپەکە هەڕەشەی کشانەوە لە بەرەکانی جەنگ دەکەن بەهۆی ئەوەی روسیا چەک و تەقەمەنییان بۆ دابین ناکات و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئەو گروپە لە بەرەکانی جەنگ دەکوژرێن.
لە نامەیەکی دەنگیدا کە رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە، رایگەیاند ئەگەر خۆی و سەربازەکانی لە بەرەکانی جەنگ بکشێنەوە، ئەوا لەلایەن روسیاوە بە خیانەتکار ناوزەد دەکرێن.
لەوبارەیەوە، گوتەبێژێکی کۆشکی سپی رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات، چونکە بابەتەکا زانیارییەکی نهێنی دەزگای هەوڵگری ئەمریکایە و پێشتر دزەیپێکراوە.