زووم:
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکى جیاوازى ئەنجامدا، کۆبوونەوەیەک کە لە حەوت مانگى رابردوودا هاوشێوەى نەبووە، لەمانگی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەمرۆ هیچ دیمەنێکی ئەنجومەنی وەزیران نەبووە کە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی تێدابێت و پێکەوە دەرکەوتبن.
تیمی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی شەوی پێش کۆبوونەوەکە رایانگەیاند بایکۆتە حەوت مانگییەکە دەشکێنن و بەشداری دەکەن، ئەمەش دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی دووشەممەی رابردووی نێوان، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بوو.
لێرەدا باس لە بەیاننەماکەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین، بەیاننامەکە بەراورد بە حەوت مانگی رابردوو جیاوازبوو، ئەوەی پارتی و یەکێتی پێشتر باسیان دەکرد، مەلەفی دارایی و ئەمنی بوو، یەکێتی دەیگوت زوڵم لە سلێمانی دەکرێت و پارتیش دەیگوت یەکێتی کێشەی ئەمنی هەیە و باسی لەدۆسیەکەی هاوکار جاف دەکرد، بەڵام ئەم دوو دۆسیەیە لە بەیاننامەکەی ئەمڕۆدا وەکو پێشتر باسنەکراوە و نەرمترە…
بەگوێرەى راگەیەندراوى ئەنجومەنى وەزیران، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران، خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕیوە.
مەسرور بارزانى، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێشخەری و پەیامەکەی بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپات کردەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی.
سەرۆکوەزیران گوتویەتى، حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە جێبەجێ کردووە و ئێستا چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی تورکیایە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ دووبارە دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانى دەڵێت لەهەمانکاتدا پێویستە حکومەتی فیدراڵی، بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت تاوەکو ئەوکاتەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ پەسەند دەکرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵ دابین دەکرێت.
بڕگەى دووەمى کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیران تایبەت بوو بە پرسی دارایی و رێکخستنى داهاتەکان، کە تیمى یەکێتى پێشتر ئەمەیان وەک هۆکارى بایکۆتەکەیان باس دەکرد.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان کرا. پاش گفتوگۆکردن، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا بە رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای بەمەرکەزیکردنی داهات و سیولە و خەرجی و مووچە ، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە رێگەی سیستەمێکی ئەلکترۆنی، پێشتر پارتی و تیمەکەی دەیانگوت یەکێتی رێگرەو نایەوێ داهاتی خاڵەسنورییەکان بگەڕێتەوە حکومەت، بەڵام بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆبێت بڕیار لەسەر ئەم کێشەیە لە مێژینەیە دراوە و لەسەری رێککەوتوون.
تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە پرسی ئەمنییە، کە ئەمەش یەکێک بوو لە خاڵە ناکۆکەکانى هەردوو تیمى پارتى و یەکێتى؛ بەگوێرەى راگەیەندراوەکە لــەبــارەی کــێشە ئــەمــنییەکــان، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە رێگەی لــیژنــەیــەکــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەکــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر رێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.
هەرچەندە ئەنجومەنى وەزیران وەردەکارى دۆسیە ئەمنییەکانى نەخستووەتەڕوو، بەڵام مەبەستەکە لە دۆسیەى کوژرانى عەقید هاوکار جافە.