زووم
کاتژمێر 8:00 بنکەکانى دەنگەدان لە تورکیا و باکورى کوردستان بە رووى دەنگدەراندا کرانەوە، بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار و خولێکى نوێی پەرلەمانى وڵاتەکە.
هەڵبژاردنەکان تاوەکو کاتژمێر 5:00 ئێوارە بەردەوام دەبن، لەوکاتە بەدواوە بنکەکانى دەنگدان دادەخرێن و چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێر 8:00ى شەو بەدواوە ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنەکان ئاشکرا بکرێن.
ئەم خولەى پەرلەمانى تورکیا 28هەمین خولى پەرلەمان دەبێت، کە ژمارەى کورسییەکانى 600 کورسییە.
ئەم هەڵبژاردنە بۆ تورکیا چارەنوسسازە، دواى 20 ساڵ لە دەسەڵاتى پارتى داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ئێستا گرەو لەسەر کەوتنى دەکرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدى هاوپەیمانى کۆمار جەخت لە سەرکەوتنى دەکاتەوە و بە درێژایی ماوەى بانگەشەى هەڵبژاردن رستەیەکى دەگوتەوە، ئەویش “بای بای کەمال” بوو.
کەمال کڵچدارئۆغلۆ، کاندیدى هاویەمانى گەل (ئۆپۆزسیۆن) دروشمى گەڕانەوەى دیموکراسى بەرزکردووەتەوە؛ بەگوێرەى زۆرینەى راپرسییەکان ئەم سەرکەوتوو دەبێت. پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) پشتگیرى لە کڵچدارئۆغلۆ دەکات.
بۆ هەڵبژاردنەکە 60 ملیۆن و 697 ھەزار و 843 کەس مافى دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە چوار ملیۆن و 904 ھەزار و 672 کەسیان بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن.
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى تورکیا 191 ھەزار سندوقى بەسەر ھەزار و 94 بنکەی دەنگداندا دابەشکردووە.