زووم، ئاژانسەکان
مۆسکۆ دانی بە کشانەوەى هێزەکانى لە باکوری شاری باخموتی ئۆکرایندا ناوە، ئەو شارەی چەندین مانگە روسیا هەوڵی کۆنترۆڵکردنى دەدات و بووەتە ناوەندی سەرەکیی شەڕ. هێزەکانى ڤاگنەر ئەم کشناوەیە بە “شکست” دەزانێت.کشانەوەی روسیا لە کاتێکدایە چەند رۆژێکە میدیا جیهانییەکان باس لە هێرشی پێچەوانەی هێزەکانى ئۆکراین بۆسەر هێزەکانى روسیا دەکات. سەرۆکی گروپی ڤاگنەری پشتیوانی روسیاش، کشانەوەی هێزەکانی روسیا بە شکست ناودەبات.
سێرهی چەرەڤاتی، گوتەبێژی هێزەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراین رایگەیاند، “لە چالاکییەکی سێ رۆژەی هێرشی پێچەوانەدا، هێزە سەربازییەکانی ئۆکراین زیاتر لە 17 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان ئازادکردووە.”
ئەمە دەبێتە یەکەم هێرشی پێچەوانەى ئۆکراین لەماوەى شەش مانگى رابردوودا، بەڵام ئۆکراین وردەکارییەکانی باس ناکات و تاڕادەیەک لە “گەورەی”ـی هێرشەکانی کەمکردووەتەوە.
ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، ئۆکراین بە بەشداری 1000 سەرباز و 40 تانک هێرشێکی لە باکوری شاری باخموت دەستپێکردووە، لە روبەرێکدا کە بە گەورەترین پانتایی هێرشی ئۆکراین دادەنرێت لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە
روسیا 26 هێرشی بەرپەرچداوەتەوە
ئاماژەی بەوەشكردووە، روسیا 26 هێرشی بەرپەرچداوەتەوە، بەڵام سەربازەکانیان لە ناوچەیەکدا خۆیان کۆکردووەتەوە.
یەڤگێنی پریکۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەری پشتیوانی روسیا، کە چەندین مانگە پێشڕەوی بۆ روسیا دەکات لە شەڕی باخموت، لە پەیا
مێکی دەنگیدا رایگەیاندووە، “بەداخەوە، ئەوەی وەزارەتى بەرگریی روسیا دەیڵێت شکستە، نەک خۆکۆکردنەوە.”
ئێوارەی دوێنێ فەرماندەیی هێزەکانی ئۆکراین لە راگەیەندراوێکدا باسی دۆخی شەڕی کرد، بەڵام هیچ رونکردنەوەیەکی لەبارەی پاشەکشە یان پێشرەویی هێزەکانی روسیاوە نەدا.
پریگۆژین، کە سەربازەکانی لە بەرەکانی شەڕدان لە باخموت رایگەیاندووە، میحوەری باکور و باشور کە لەلایەن سەربازەکانی روسیاوە پاسەوانی دەکرێن، خەریکە دەکەون، بەڵام وەزارەتی بەرگری روسیا ئەوە رەتدەکاتەوە.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی روسیا لەکاتێکدان ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، “روسیا دەمێکە ئامادەیە بۆ ئەوەی شکستی پێ بهێنرێت.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەوان لە مێشکی خۆیاندا دەمێکە شەڕەکانیان دۆڕاندووە. پێویستە ئێمە هەموو رۆژێک فشار بکەین بۆ ئەوەی ئەو هەستی دۆڕانە بگۆڕێت بۆ هەڵاتن، هەڵەکردن و زیانکردنیان.”
روسیا رۆژى 1ى ئابى 2022 هێرشەکانى بۆ کۆنترۆڵکردنى شارى باخموت دەستپێکرد، لەوکاتەوە هێزەکانی روسیا لە شەڕدان بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکە، کە ئێستا لە وێرانەیەک دەچێت.
شارى باخموت پێشتر دانیشتوانەکەى نزیکەى 70 هەزار کەس بوو. شەڕی ئەو شارە بە “مەکینەی قیمە” ناودەبرێت بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانی شەڕی روسیا و ئۆکراین لەو شارەدا بووە.
سەرۆکی گرپى ڤاگنەر چەندینجار هۆشدارى “دۆڕان”ـى شەڕى باخموتى دایە بەرپرسانى روسیا
یەڤگێنی پریکۆژین، سەرۆکی گرپى ڤاگنەر
پێشتر یەڤگێنی پریکۆژین، سەرۆکی گرپى ڤاگنەر چەندینجار هۆشدارى “دۆڕان”ـى شەڕى باخموتى دایە بەرپرسانى روسیا کۆتایی مانگى رابردوو گوتى، ژمارەی قوربانیانی ئەندامی گروپەکەی لە باخموت پێنج ئەوەندەی کە ئێستا هەیە کەمتر دەبوو، ئەگەر چەک و تەقەمەنییان بۆ دابین بکرایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەموو رۆژێک بە هەزاران لاشەی سەربازەکانمان دەخەینە تابووتەوە و دەیاننێرینە ماڵەوە”.
لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، گروپی ڤاگنەر زیاتر لە 50 هەزار سەربازیی لەنێو خاکی ئۆکرایندا هەیە، کە 10 هەزاریان بەشێوەی گرێبەست بوون بە سەرباز و 40 هەزاریشییان زیندانییەکانی روسیان و بۆ داگیرکردنی ئۆکراین دەرهێنراون. بەڵام ژمارەی راستەقینەیان نەزانراوە و لە بەشێک لە میدیا جیهانییەکاندا ژمارەیان لە خاکی ئۆکرایندا لە نێوان هەزار بۆ 10 هەزار سەرباز خەمڵێندراوە.