چەند رۆژێکە نرخی نەوت روی لەدابەزینە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، وەک ئەندامێکی رێکخراوى ئۆپیک دەڵێت ئۆپێک پلەس لە کۆبوونەوەی داهاتوویدا لە مانگی حوزەیران هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان کەم ناکاتەوە.
وەزیری نەوت رایگەیاند، “لە کۆبوونەوەی داهاتوودا کە لە 3 و 4ی مانگی داهاتوودا بەڕێوەدەچیت، هیچ کەمکردنەوەیەکی دیکە بڕیاری لێ نادرێت. سەبارەت بە عێراق ئێمە چیتر ناتوانین هەناردەی نەوت لەوە زیاتر کەمبکەینەوە.
ئەو راشیگەیاند عێراق پابەندە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی ئایارەوە کەمبکاتەوە بەو پێیەی ئۆپێک پلەس بڕیاری لێداوە و تاکۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت. راشیگەیاند، عێراق داوای لێ نەکراوە لەبڕە کەمتر بکاتەوە کە بۆی دیاریکراوە.
ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کە روسیا پێشڕەوییان دەکات و بە ئۆپێک پلەس ناسراوە، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا بڕیاریاندا بۆ پشتگیریکردن لە بازاڕی نەوت و بەرزکردنەوەی نرخەکەی، بەرهەمهێنانی نەوت و خستنەڕووی کەمبکەنەوە.
دوای ئەم بڕیارەش، لە سەرەتای مانگی نیسان و لە هەنگاوێکی سوپرایزدا، سعودیە و ئەندامانی دیکەی ئۆپێک پلەس بڕیاریاندا رۆژانە خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە بڕی یەک ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل کەمبکەنەوە.
بڕیارەکەی ئۆپێک پلەس نرخی نەوتی لە بازاڕەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردەوە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی مەترسی لەسەر ئابوریی جیهانی، ئەم بەزبوونەوەیە بەرەو دابەزین دەڕواتەوە.
ئەندامانی ئۆپێک پلەس لە 4 مانگی حوزەیران لە ڤیەننای پەیتەختی نەمسا کۆدەبنەوە و بڕیار لە بارەی هەنگاوەکانی داهاتویانەوە دەدەن.
لەسەرەتای ئەم مانگەوە حکومەتی عێراق بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی بە 211 هەزار بەرمیل کەمکردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بە بڕی 450 هەزار بەرمیل بۆ بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە.
راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس هات کە لەبەرژەوەندی عێراق و دۆڕانی تورکیادا دەرچوو، کە بەبێ پرسی بەغداد نەوتی هەرێمی لە بەندەری جەیهانەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان کردووە.
وەزیری نەوتی عێراق رۆژی هەینی رایگەیاند، داوایان لە تورکیا کردووە لەمڕۆوە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا تورکیا هیچ وەڵامێکی عێراقی نەداوەتەوە، هەناردەی نەوت بە نادیاریی ماوەتەوە.