بارزانى دەیەوێت هەفتەى داهاتوو چارەنوسیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان یەکلایی بکاتەوە، ئەمڕۆش داواى لە حزبەکان کرد تاوەکو پێش 18ى ئەم مانگە کۆببنەوە.
هەرچەندە، ئەمە جاری دووەمە کاتی هەڵبژاردن دیاریدەکرێت و پێشتر بڕیاربوو مانگی 10 ساڵی رابردوو هەڵبژاردنەکە بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتیەوە مەترسی هەیە ئەمجارەش هەڵبژاردن دوابخرێت.
گەرچی هەردوو حزبەکە بە ئاشکرا دەڵێن، ئامادەی هەڵبژاردنن لەکاتی خۆیدا، بەڵام ئەم قسەیە بە کردارەکانیانەوە دەرناکەوێت، مەترسی دواخستنەکە جدییە، ئەمەش وایکردووە نوێنەری وڵاتان تەئکید لەسەر هەڵبژاردن بکەنەوە لەمساڵدا و هەوڵی دواخستنی نەدەن، جگە لەمەش چەند جارێک هۆشداری ئەوەیان بە حزبەکانی کوردستانداوە کە دواخستنی هەڵبژاردن دوریان دەخاتەوە لە پشتیوانی نێودەوڵەتی، چونکە پێشێلکردنی بنەمایەکی گرنگی دیموکراسییە، کە ئەو وڵاتانە پشتیوانی دەکەن.
ئەمڕۆ بارزانی بەمەبەست و بە ئاشکرا لەبەردەم نوێنەری وڵاتان و بەرپرسانی عێراق و یەکێتی و حزبەکانی دیکەش، ئەو گومانەی لەسەر خۆی و حزبکەی دورخستەوە کە ئەوان دژی هەڵبژاردنن لەم ساڵداو داوای لە پارتی و یەکێتی و هەموو حزبەکان کرد کۆببنەوە.
بۆ هەڵبژاردنەکەی مانگی 11ی ئەمساڵ، چاوەکان لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستانە، بەڵام ئێستا کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و راپرسی ماوەکەى کۆتاییهاتووە و هێشتا پەرلەمانی کوردستان کارای نەکردووەتەوە، پێشتر کۆمسیۆن رایگەیاندبوو بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن شەش مانگیان پێویستە، پێنجشەممەى داهاتوو 18ى ئایار رێک شەش مانگەکە کۆتایی دێت و ماوەی پێویست لەبەردەم کۆمسیۆن نامێنێت، داواکارییەکەى بارزانیش بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان تاوەکو 18 ئەم مانگ، بۆ ئەوەیە، حزبەکان پێش ئەو وادەیە لەسەر ئەنجامدانى هەڵبژاردن رێکبکەون، بەتایبەتى پارتى و یەکێتى، کە تاوەکو ئێستا رێکنەکەوتوون.
بارزانی شوپۆلی قسەکانی روو لە حزبەکەی خۆی و یەکێتی بوو، چونکە دەزانێ گرێکوێرەی هەڵبژاردن لەدەست ئەوان و کردنەوەشی پێویستی بە پەنجەی هەردوو دەستەکەیە نەک تەنها یەکێکیان، هەربۆیە بە پارتی و یەكێتی گوت عیبرەت لە راپەڕین وەربگرن و واز لە یەکتر شکاندن بهێنن و پێکەوە کۆببنەوە.
هەنگاونان بۆ ئەم داواکارییەت بارزانی بەراورد بە هەفتەی رابردو ئاسانە، جونکە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى نیشتمانى کوردستان، هەفتەیەکى گەرمى سیاسییان بەڕێکرد و دەنگى ناڕەزایەتى هەردوولا بەرامبەر بە یەکدى کپ بووتەوە.
سەرەتایی هێوربوونەوەیەکەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەکەی دووشەممەی رابردووى مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانییەوە، کە دوای 7 مانگ لە ناکۆکی توند و بایکۆتی یەکێتی بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو بگەڕێنەوە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
پێش چەند مانگێک هەردوو دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى و یەکێتى، بۆ چارەسەرکردنى خاڵە ناکۆکان لەبارەى کۆبوونەوەکانیان دەستپێکرد، هەرچەندە سێ کۆبوونەوەیان کرد و وەک ئەوکات گوتیان لەسەر زۆر خاڵى ناکۆک رێکەوتوون، بەڵام توندبوونەوەى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى تاوەکو بەر لە دووشەممە، ئەو کۆبوونەوانەشى راگرت، بەڵام ئێستا هەوڵێک هەیە بۆئەوەى بەمنزیکانە کۆبوونەوەکان دەستپێبکەنەوە.
یەک لە دیارترین ناکۆکییەکان پرسی کورسى پێکهاتەکانە، کە 11 کورسییە و داواى رێکخستنەوەى دەکرێت.
لەمبارەیەوە یەکێتی پێشنیازی کردووە هەڵبژاردنکە فرە بازنە بێت و لەو 11 کورسییە 4 کورسییان بکەوێتە سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانییەوە، بەڵام تا ئێستا ئەم پێشنیازە لەلایەن پارتی و پێکهاتەکانەوە پەسەندنەکراوە و رەتدەکرێتەوە.
کێشەیەکی دیکە، کاراکردنەوەى کۆمسیۆنە و دەبێت پەرلەمانى کوردستان کۆببێتەوە، کە ئەویش بەهۆى ناکۆکییەکانەوە کۆبوونەوەکانى راگیرابوو، ئەنجومەنى کۆمسیاران ئێستا دوو کورسی بەتاڵە، بۆ ئەوەش مانگى رابردوو لیژنەى کاراکردنەوەى کۆمسیۆن لە پەرلەمان زیاتر لە 80 سیڤى وەرگرت، بەڵام تاوەکو ئێستا متمانە بە کەسى نوێ نەدراوە، چونکە ئەو متمانەیە پێویستى بە پەرلەمانە.