دواى نزیکەى 50 رۆژ لە راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، رێوشوێنەکانى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان تەواو بووە.
وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، کۆمپانیای سۆمۆ دوێنێ بە فەرمی داوای لە لایەنی تورکی کردووە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری کەرکوک-جەیهان دەستپێبکرێتەوە. ئێستا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق چاوەڕێی وەڵامی تورکیا دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوت.
ئەم راگەیەندراوەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان پاش ئەوە هات
رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراق، لە زارى باسم عەبادى بریکارى وەزیرى نەوتى عێراق بڵاویکردەوە کە لە چەند رۆژى داهاتوودا دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان رادەگەیەنن.
ئاشکراشیکرد، وەزارەتى نەوت یەکەم گرێبەستى فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستانى لەگەڵ کۆمپانیایەکى بیانى واژۆکردووە و رەشنوسی سێ گرێبەستى دیکەشى ئامادەکردووە و پێش دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتەکە واژۆ دەکرێن.
بەگوتەى باسم عەبادى، گرێبەستەکان بەگوێرەى ئەو رێکارانەیە کە کۆمپانیاى سۆمۆ لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆى دەکات.
دەشڵێت، وەزارەتى نەوتى عێراق ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، ئەگەر لایەنى تورکى پشکنینى بۆ بۆریەکە تەواو کردبێت.
ئەیوب وەرتى زوومى هەولێر، لەبارەى پرسى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بەدواداچوونى زیاتر کردووە، دەچینە لای زانیارییەکانی.
دواى بڕیارى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى لە پاریس، لە رۆژى 25ى ئازارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، بەگوێرەى لێدوانى بەرپرسانى وەزارەتى دارایی بۆ هەر مانگێک هەرێمى کوردستان 850 ملیۆن دۆلار زیانى بەردەکەوێت، واتە تاوەکو ئێستا هەرێمى کوردستان نزیکەى ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار زیانى بەرکەوتووە.