زووم:
محەڕەم ئینجە، کاندیدى پارتى مەملەکەت بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تورکیا کشانەوەى خۆى راگەیاند.
کەمێک پێش ئێستا محەڕەم ئینجە، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لەبارەى کشانەوەى قسەى کرد و رایگەیاند، پێم دەڵێن پارەى لە رەجەت تەیب ئەردۆغان وەرگرتووە، بەڵام من بڕیارمدا لە کاندیدبوون دەکشێمەوە، ئەمەش تەنها لەپێناو وڵاتەکەم دەکەم.
دەڵێت، پێم دەڵێن خاوەنى هەشت ملیار دۆلارى، لەکاتێکدا دەوڵەتیش خاوەنى ئەو پارەیە نییە.
محەڕەم ئینجە گوتى، تاوەکو ئێستا هیچ کاندیدێک ماڵ و موڵکى خۆى بۆ هاوڵاتیان ئاشکرانەکردووە، تەنها منم ئاشکرام کردووە، کەچی لەلایەک پەکەکە و لەلایەکی دیکە کەسانى سەر بە گویلەن هێرش دەکەنە سەرم.
محەڕەم ئینجە گوتى، من دەکشێمەوە، بەڵام پارتى مەملەکەت لە پەرلەمان دەبێت، ئەوەش بۆ وڵات زۆر گرنگە.
بەگوێرەى راپرسییەکان محەڕەم ئینجە، کاندیدى پارتى مەملەکەت دەنگەکانى لەنێوان 2% بۆ 5% دەبوو. بە کشانەوەى گۆڕانکارى لە ئەنجامى هەموو ئەو راپرسییانەدا روودەدات کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون و تاڕادەیەکى زۆر خوێندنەوەى میدیا و ناوەندەکانى لێکۆڵینەوە لەسەر بنەماى ئەو راپرسیانە پێشبینى بۆ هەڵبژاردنى 14 دەکەن.
لەبەرئەوەی، زۆربەی راپرسییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکەوێتە خولی دووەمەوە، بەڵام بە کشانەوەی ئینجە، ئەگەری هەیە، هەڵبژاردنەکە لە خولی یەکەمدا کۆتایی بێت، بەو پێیەی دەنگدەرانی پارتی مەملەکەت، لە ئۆپۆزسیۆنەوە نزیکترن و پێشتر دەنگدەر و لایەنگری جەهەپە بوون.
محەڕەم ئینجە، پێشتر یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانى جەهەپە و لە هەڵبژاردنەکانى پێشوودا کاندیدى جەهەپە بوو، بەڵام ساڵى 2021 پارتى مەملەکەتى دامەزراند و لیستەکەى یەکەمجارە لە هەڵبژاردندا بەشدارى دەکات.
لە دواى کشانەوەى محەمەڕم ئینجە، سێ کاندیدى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ماوەن، ئەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدى هاوپەیمانى کۆمار و کەمال کڵچدارئۆغلۆ، کاندیدى هاوپەیمانى گەل، لەگەڵ سینان ئۆغان، کاندیدى هاوپەیمانى ئاتایە، کە بەگوێرەى راپرسییەکان دەنگەکانى لەنێوان 1% بۆ 2% دایە.