زووم:
وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان کەمێک پێش ئێستا 400 ملیار دینارەکەى بەغداد وەرگرت، کە دوێنێ خرایە هەژمارى بانکى وەزارەتەکە،.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم، هەر ئەمڕۆ وەزارەتى دارایی لەو 400 ملیارە بڕى 150 ملیار دینارى بۆ موچەى فەرمانبەرانى سلێمانى نادردووە و 250 ملیارەکەى دیکەشی بۆ هەولێر و دهۆک ناردووە.
بەگوێرەى زانیارى وەزارەتى دارایی سلێمانى بۆ دابەشکردنى تەواوى موچە پێویستى بە 362 ملیار دینار دەبێت.
بەمپێیە بێت هێشتا 212 ملیار دینار کورتهێنانى دەبێت، بۆ ئەوەى موچەى مانگى نیسان بەتەواوى دابەش بکات.
هەروەها موچەخۆرانى هەولێر و دهۆکیش پێویستیان بە 550 ملیار دینار هەیە، بەڵام 250 ملیارى بۆ تەرخانکراوە، واتە ئەو دوو پارێزگایە 300 ملیار کورتهێنانى دەبێت بۆ موچەى مانگى چوار.
تا ئێرە باسى ئەو 400 ملیار دینارەى بەغدادمان کردووە، کە بۆ هەرێم نێردراوە، وەزارەتى دارایی بۆ ئەم مانگە پێویستى بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابەشکردنى موچە. کەواتە 500 ملیار کورتهێنانى دەبێت.
بەڵام وەزارەتى دارایی دەتوانێن بە داهاتى ناوخۆ 200 ملیارى پێ پڕبکاتەوە، چونکە داهاتەکەى وەک خۆیان دەڵێن 200 ملیار دینارە، واتە هێشتا 300 ملیار دینار کورتهێنانى دەبێت.
زووم شەوى رابردوو پەیوەندى بە مەسعود حەیدەر بریکارى وەزیرى دارایی عێراقەوە کرد، ئەویش بە زوومى گوت، بڕیارە هەفتەى داهاتوو حکومەتى عێراق جگە لە 400 ملیارەکەى ئەمڕۆ، 400 ملیار دیکە بۆ هەرێم بنێرێت.
بە گوتەى بریکارى وەزەیرى دارایی ئەم 400 ملیارەى دیکە بۆ پڕکردنەوەى ئەو کورتهێنانەیە کە هەرێمى کوردستان تووشى بووە، کەواتە هەرێم بەو 400 ملیارەوە کە ئێستا 600 ملیار دیکەى لەبەردەستدایە، دەتوانێت موچە بەتەواوى لەماوەى کەمدا دابەش بکات و هێشتا 100 ملیار دیناریشی دەمێنێتەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى زووم وەزارەتى دارایی هەرێم لە ئەمڕۆوە سەرقاڵى ئامادەکردنى لیستى موچە دەبێت، بەڵام هێشتا روونیە ئەمڕۆ یان سبەى لیستى موچە بڵاودەکاتەوە، یان دەکەوێتە هەفتەى داهاتوو.
زووم بەدواداچوونى بۆ لیستى مانگى پێشووى موچەى فەرمانبەران کرد، ئەوەى دەست کە دوێنێ دابەشکردنى موچەى مانگى سێی سنورى ئیدارەى سلێمانى کۆتاییهاتووە، چونکە کورتهێنانى لە داهاتى ناوخۆ هەبووە.
هەرچەندە لێدوانی بەرپرسانی سیاسی و بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان، گومانی خستووەتە سەر داهاتی ناوخۆ و ئەوان زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی رەتدەکەنەوە و دەڵێن، داهاتی ناخۆ 200 ملیار نییە، بەڵکو نزیکەی 350 ملیار دینارە، بەڵام تەنها 200 ملیاری بۆ وەزارەتی دارای دەنێردرێت.