کەمال کلچدارئۆغلۆ، کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا رایگەیاند، تورکیا هاوپەیمانی ئەمریکا و ناتۆیە، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیاش ئەمە باش دەزانێت.
کلچدارئۆغلۆ قسەى بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵی ئەمریکی کرد، رۆژنامەکە کلچدارئۆغلۆی وەک کاندیدێکی نزیک لە ناتۆ و ئەمریکا ناوهێناوە.
ئەردۆغان لە شەڕی ئۆکراین چەکی بە روسیا فرۆشتووە
کلچدارئۆغلۆ لە چاوپێکەوتنەکەدا رایگەیاند، ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە سەربکەوێت، سەکردەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیر دەکات، بۆ ئەوەی ببێتە بەهێزترین سەرکردەی سەدە لە تورکیا، دیموکراسی لە قاڵب دەدات و گوتی، “لە ئێستادا ئەردۆغان خۆی لە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا نزیک کردووەتەوە، دوای شەڕی ئۆکراین چەکیشی بە روسیا فرۆشتووە و هەوڵیداوە لەم رێگەیەوە خۆی بەهیز بکات، بەڵام ئەگەر وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێم، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ناتۆ بەهێز دەکەم و پرۆسەی ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، زیندوو دەکەمەوە.”
کلچدارئۆغلۆ راشیگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا ناڕەزایی دەربڕیوە، بەڵام ئەردۆغان سیستمی بەرگری ئێس 400ی لە روسیا کڕیوە و ئەمریکاش بەو هۆیەوە هەڕەشەی سەپاندنی سزای لەسەر ئەو کۆمپانیا و کەسانە کرد، کە دەستیان لەگەڵ روسیا تێکەڵ کردووە و گوتی، “تورکیا پارێزگاری لە وەبەرهێنانەکانی لە روسیا دەکات، بەڵام پابەند دەبێت بە بڕیارەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا. تورکیا ئەندامی هاوپەیمانی ئەمریکا و ناتۆیە، پوتینیش ئەمە زۆر باش دەزانێت. تورکیا دەبێت پابەندی ئەو بڕیارانە بێت کە ناتۆ دەیگرێتەبەر.”
زیندانییە سیاسییەکان ئازاد دەکەین
کلچدارئۆغلۆ ئاماژەی بە چەندین پرسی گرنگی ناوخۆیی تورکیاشی کرد و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، “هەوڵی هەرزانکردنی پێداویستی ژیان دەدەین. سیستمی تورکیا لە سەرۆکایەتیەوە بۆ پەرلەمانی دەگۆڕین. سەربەخۆیی بانکی ناوەندی دەپارێزین و زیندانییە سیاسییەکان ئازاد دەکەین. لەلایەکی دیکەوە، ئەفغانی و سورییەکان بۆ وڵاتەکانیان دەنێرینەوە. ئێمە نەژادپەرست نین، بەڵام پێویستە ئەو خەڵکانەش لە وڵاتی خۆیان دۆخێکی باشتردا بژین.”
کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە کۆتاییدا دەڵێت، “پێنج ملیۆن و 300 هەزار گەنج هەیە کە بۆ یەکەم جار دەنگ دەدەن، ئەو گەنجانە داوای ئازادی و دیموکراسی دەکەن. ئەمە بۆ ئێمە، بۆ تورکیا و بۆ یەکێتی ئەوروپا و بۆ شارستانی رۆژئاوا زۆر گرنگە.”