زووم، ئاژانسەکان
درەنگی شەوی رابردوو میدیاکانی جیهان بڵاویانکردەوە رۆژنامەنوسێکی تەمەن 32 ساڵی فەرەنسی بەهۆی موشەکێکی روسیاوە لەکاتی روماڵکردنی شەڕی ئۆکراین لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کوژرا.
رۆژنامەنوسەکە، ناوی ئارمان سۆلدینە و خەڵکی فەرەنسایە، کاری بۆ ئاژانسی هەواڵیی جیهانی فرانس پرێس کردووە، لە کاتی روماڵکردندا لە شارۆچکەی چاسیڤ یاری نزیک شاری باخموت کوژراوە. ئەو شارەی چەندین مانگە روسیا و گروپی ڤاگنەر هەوڵی داگیرکردنی دەدەن.
کوژرانى ئەو رۆژنامەنوسە لەکاتێکدابووە تیمە رۆژنامەنوسییەکە لەگەڵ سەربازانی سوپای ئۆکرایندا بوون و بە موشەکێکی روسیا کراونەتە ئامانج.
ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هاوخەمیی خۆی بۆ کورانى رۆژنامەنوسەکە دەربڕی و لە تویتێکدا رایگەیاند، “هاوبەشی ئازاری خۆشەویستان و هاوکارانی ئەو رۆژنامەنوسەین.”
Journaliste de l'Agence France-Presse, l'un de nos compatriotes, Arman Soldin, a été tué en Ukraine. Avec courage, dès les premières heures du conflit il était au front pour établir les faits. Pour nous informer. Nous partageons la douleur de ses proches et de tous ses confrères.
— Emmanuel Macron (@EmmanuelMacron) May 9, 2023
فابریس فرایس، بەڕێوەبەری فرانس پرێس رایگەیاند، ئاژانسە هەواڵییەکە بە کوژرانی رۆژنامەنوسەکە “داڕوخا.” دەڵێت کورانى رۆژنامەنوسەکە بیرخەرەوەیەکی ناخۆشە بۆ ئەو زیان و مەترسیانەی رۆژنامەنوسان لە روماڵی پێکدادانی شەڕی ئۆکراین رۆژانە روبەڕوی دەبنەوە.
رۆژنامەنوسەکە بەشێک بوو لە یەکەم تیمی کارکردنی ئاژانسەکە لە ئۆکراین و لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووەوە لەو وڵاتەدا دەژیا.
وەزارەتی بەرگری ئۆکراین رایگەیاند، “لە قوڵیی دڵەوە” هاوخەمی خۆیان بۆ خێزانی رۆژنامەنوسەکە دەردەبڕن، “چونکە ئەو هەموو ژیانی خۆی تەرخانکردبوو بۆ ئەوی زانیاری راست و دروست بۆ جیهان بگوازێتەوە. میراتی ئەو و پیشەکەی بۆ هەمیشەیی دەمێنێتەوە.”
هەروەها کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند جیهان “قەرزدارە” بەو رۆژنامەنوسانەی لە کاتی روناکی خستنەسەر ترسناکییەکانی لەشکرکێشی روسیا، گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان، بە کوشتنی ئەو رۆژنامەنوسە فەرەنسییەوە تاوەکو ئێستا 15 رۆژنامەنوس لە شەڕی ئۆکراین کوژراون، کە دوانی دیکەیان فەرەنسین.