بەرەبەیانى ئەمڕۆ سوپاى ئیسرائیل هێرشى کردە سەر کەرتى غەززە و وەزارەتی تەندروستی فەلەستینیش رایگەیاند، بەهۆى هێرشەکەوە 13 کەس کە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی سەرایا قودسی سەر بە بزوتنەوەى جیهادى ئیسلامى کوژراون.
سوپای ئیسرائیل هێرشەکەى ئیسرائیل لە رێگەى فڕۆکەوە کرایە سەر کەرتى غەززە، بەرپرسێکی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، هێرشەکە بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون بووە و جگە لە کوژراوەکان 20 کەسیش برینداربوون.
سەرایا قودس ناوی سەرکردە کوژراوەکانی راگەیاند کە بریتین لە جیهاد شاکر غەنام،خەلیل سەڵاح بەهتینی و تارق محەمەد عیزەدین.
فەلەستینیەکان باس لە یەکێک لە کوژراوەکان دەکەن و دەڵێن پزیشکێکی دانی ناسراو بووە و خۆی و خێزانەکەی کوژراون و بوونەتە قوربانی هێرشەکە.
هێرشەکان دوایین پەرەسەندنی توندوتیژیەکانە، کە تەنها لەئەمساڵدا زیاد لە 90 فەڵەستینی و 19 ئیسرائیلی کوژراون.
گیانلەدەستدانی زیندانیەکی فەلەستینی لە هەفتەی رابردوو کە مانی لە خواردن گرتبوو، بارودۆخی ئاڵۆزکرد و بووە هۆی رووبەرووبونەوە لە نێوان ئیسرائیل و هێزە چەکدارە فەلەستینیەکان لە غەززە کە بووە هۆی کوژرانی هاوڵاتیەکی فەڵەستینی.
ئیسرائیل هێزی نارد بۆ نابلوس
بەرەبەیانی ئەمرۆ سوپای ئیسرائیل هێزێکی گەورەی نارد بۆ شاری نابلوس، لەلایەن چەکدارانی فەڵەستینی بە بۆمب و فیشەک وەڵامیان دانەوە، وەزارەتی تەندروستیش رایگەیاند منداڵێک فیشەکی هێزی ئیسرائیلی بەرکەوتووە.
دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوەو بەگوێرەى سەرچاوەکان سوپای ئیسرائیل گەمارۆی خانوویەکی داوە و روبەڕوبوونەوەی قورس رویداوە.
داوای دەستێوەردانی نێودەوڵەتی دەکرێت
وەزارەتی دەرەوە و کۆچکردووانی فەڵەستینی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کەتی غەززەی کرد و لە رایگەیاند:
- هێرشەکە بە درێژکراوەی جەنگی داگیرکەر دەزانین دژی گەلەکەمان و مافە رەواکانی.
- هێرشەکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئیسرائیلە بۆ سەپاندنی لۆژیکی بەکارهێنانی هێز لەبری چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە بۆ دۆسیەکەمان.
- بەرپرسیاریەتی ئەم دوژمنکاریە و دەرئەنجامەکەی لە گۆڕەپانی ململانێ، لە ئەستۆی حکومەتی ئیسرائیلە.
- داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستێوەردان بکەن و ئەم دوژمنکاریە دژ بە گەلەکەمان بوەستێنن.
- چارەسەری سیاسی و گفتوگۆ تاکە دەروازەیە بۆ سەقامگیری ئەمنی لە ناوچەکە.