کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى، وەکو رووداوێکى سیاسى “کەم وێنە” لە رەوشى سیاسیی ئێستاى هەرێمى کوردستاندا تەماشادەکرێت چونکە پەیوەندى بە ململانێیەکى سیاسی توندەوە هەیە لە نێوان دوو حزبى سەرەکى هەرێمى کوردستاندا کە زیاتر لە حەوت مانگە درێژەى هەیە.
لە حەوت مانگى رابردوودا پەیوەندییەکانی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان لەوپەڕى ئاڵۆزى دابووە، تەنانەت وەکو جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامى ئەنجومەنى باڵاى سیاسی یەکێتی و جێگرى سەرۆکى هەرێم لە پشکى ئەو حزبە گوتى “مەگەر لە شەڕى ناوخۆدا دۆخى کوردستان ئەوەندە خراپ بووبێت”.
قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێم و سەرۆکى تیمى یەکێتى لە کابینەى نۆیەم، لە کۆتاییەکانى مانگى 10ى ساڵى رابردوودا بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى کرد، لەوکاتەدا نەیشاردەوە کە بەهۆى نیگەرانییەکانى لە پارتى بەشدارى لە کۆبوونەوەکاندا ناکات، بەڵام وردەکارى زیاترى لەبارەى نیگەرانییەکانى باس نەکرد.
سەربارى بایکۆتى قوباد تاڵەبانى، بەڵام تیمى وەزارى یەکێتى تاوەکو 21ى 12ى ساڵى رابردوو بەردەوامبوون لە کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران، بەڵام پاش نزیکەى دوو مانگ لە بایکۆتەکەى قوباد تاڵەبانى، ئەوانیش هەمان هەڵوێستیان وەرگرت لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی بەشداریی هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنى وەزیرانیان نەکردووە. بەڵام وەزیرەکانى یەکێتى لە دیوانى وەزارەتەکانیان دەوامى رۆژانەیان دەکرد و کاروبارى هاوڵاتیانیان راییدەکرد.
بایکۆتەکەى قوباد تاڵەبانى و تیمى وەزارى یەکێتى نەبووەهۆى راگرتنى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران، بەڵکو لە حەوت مانگى رابردوودا هەفتانە مەسرور بارزانى سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى دەکرد، لەکاتێکدا یەکێتى و پارتى بە گوێرەی رێککەوتنی سیاسی نێوانیان حکومەتیان بە بەشداریی چەند حزبێکی دیکە پێکهێناوە.
یەکێتیی لەپێش هەڵوێستەکانی قوباد تاڵەبانیشەوە هەمیشە رەخنەی لە ئەدای حوکمڕانی پارتی دەگرت و دەیگوت سلێمانیی پەراوێزخراوە، لە حەوت مانگى رابردووشدا بایکۆتى قوباد تاڵەبانى و تیمى وەزارى حزبەکەى بەستووەتەوە بە هەمان رەخنەکانى پێشووى خۆیەوە و بە بەردەوامى هۆکارى بایکۆتى سەرۆکى تیمى وەزارى حزبەکەى و وەزیرەکانى گەڕاندووەتەوە بۆئەوەى کە حکومەتى هەرێم سیاسەتى جیاکارى بەرامبەر سلێمانى پەیڕەو دەکات و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پارتی تۆمەتباردەکرد و دەیگوت، ئەوان زوڵم لە سلێمانی دەکەن.
تەنانەت دوو هەفتە لەمەوبەر کاتێک بۆ جارێکى دیکە داوا لە تیمى وەزارى یەکێتى کرا بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم گوتى “کێشەی موچەی سلێمانی چارەسەر بکەن، ئینجا باسی گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی دەکەین”. واتە یەکێتى بەهەموو شێوەیەک ناکۆکییەکانى حەوت مانگى رابردووى بە دۆخى دارایی و حزمەتگوزاریی سلێمانییەوە گرێ دەدا.
بەڵام لە بەرامبەردا پارتى بە هەموو شێوەیەک رەتیکردووەتەوە هۆکارى رەخنە و نیگەرانییەکانى یەکێتى پەیوەندى بە زوڵمکردن و پەراوێزخستنى لە سلێمانى هەبێت و لە رێگەى بەرپرسە باڵاکانى خۆیەوە قسەیەکى دیکەى کردووە، ئەوان پێیانوایە یەکێتی داواکاریی شەخسییان هەیە و تەنانەت وەکو کەمال کەرکوکی ئەندامى مەکتەبى سیاسیی پارتى لە لێدوانێکدا بۆ زووم گوتی، مەسەلەی بایکۆتەکە پەیوەندیی بە بابەتی ئەمنییەوە هەیە.
ئەو بابەتە ئەمنییەى کە پارتى باسى دەکرد پەیوەندى بە دۆسیەى عەقید هاوکار جاف ئەفسەری دەزگای دژەتیرۆری یەکێتییەوە هەبوو کە سەرەتاى مانگى دەى ساڵى رابردوو لە شارى هەولێر لەرێگەی بۆمبەوە کوژرا، ئەم دۆسیەیە ناکۆکییەکانى نێوان یەکێتی و پارتی قوڵتر کردەوە، بە تایبەت دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر، چەند ئەفسەرێکی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتییان بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبارکرد.
تەنانەت مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێم سەرەتاى ئەمساڵ لە پەراوێزى بەشداریکردن لە کۆبوونەوکانى کۆڕبەندى داڤۆس لە سویسرا، لە لێدوانێکى رۆژنامەنووسیدا گوتى، دۆسیەى هاوکار جاف “گرێکوێرەی” ناکۆکییەکان و هۆکارى بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانە لایەن تیمى یەکێتییەوە.
بابەتێکى دیکەى ئەمنى کە هەر لەو ماوەیەدا روویدا و دۆخەکەی ئاڵۆزترکرد، ئەو جموجوڵە ئەمنییە بوو کە لە مانگى دەى ساڵى رابردوودا لە چواردەوری ماڵی قوباد تاڵەبانی لەهەولێر روویدا. نیگەرانییەکانی قوباد تاڵەبانی دوو هێندە زیادیانکرد کاتێک لەدوای رووداوەکەوە پارتی بێدەنگیی هەڵبژارد و هیچ شتێکی لەوبارەیەوە نەگوت، هەر پاش ئەو رووداوانەش بوو کە قوباد تاڵەبانى بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى کرد.
یەکێتى و پارتى لە چەند مانگى رابردوودا بەردەوام بەو دۆسیێانەى کە باسکران، یەکدییان تۆمەتباردەکرد، دواجار ئەمڕۆ ئەو دوو کاراکتەرە سیاسییەى کە چەقى ململانێکانى حەوت مانگى رابردووى نێوان یەکێتى و پارتى بوون چاویان بە یەکدى کەوت و کۆبوونەوە، تا ئەم چرکە ساتە تەنها یەک راگەیەنراو لەبارەى کۆبوونەوەکەوە بڵاوکراوەتەوە کە ئەویش لەلایەن نوسینگەى مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمەوە بووە و هێشتا قوباد تاڵەبانى هیچ راگەیەنراو و قسەیەکى فەرمى لەبارەى کۆبوونەوەکەوە نەکردووە.
بەگوێرەى ئەو راگەیەنراوەى کە لەلایەن نوسینگەى سەرۆکوەزیرانەوە بڵاوکراوەتەوە، مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى، لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمیان کرد و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ.
بەڵام هێشتا روون نییە کە ئایا لە پاش ئەم کۆبوونەوەیەوە قوباد تاڵەبانى و تیمى وەزارى یەکێتى کۆتایی بە بایکۆتە حەوت مانگییەکەیان دەهێنن و دەگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران، یاخود لەبارەى دۆسیەى دارایی سلێمانى کە یەکێتى پارتى پێ تۆمەتبار دەکرد و لەبارەى دۆسیە عەقید هاوکار جاف کە پارتى یەکێتى پێ تۆمەتبار دەکرد، چ بڕیارێک دراوە، چونکە ئەگەر لەسەر ئەم بابەتانە رێکنەکەوتبن، دورنییە جارێکى دیکە ئەم دۆسێیانە نەبنەوە بە گرێکوێرەى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا