چوارشەممەى رابردوو، شاندێکى باڵاى ئەمریکا گەیشتە هەولێر، باربارا ليف، ياريدهدهرى وهزيرى دهرهوهى ئەمریکا بۆ كاروبارى رۆژههڵاتى ناوەڕاست، سەرۆکایەتى شاندەکەى دەکرد و بە یاوەرى باڵیۆز و کونسوڵى ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان کۆبوونەوە.
شاندەکە دوو رۆژ لە هەولێر مایەوە، لە رۆژى یەکەمدا بە جیا لەگەڵ هەریەک لە مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبووەوە، رۆژى دواتر لەگەڵ قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیران کۆبووەوە. تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکان چارەسەرى ناکۆکییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى و پاشان ئەنجامدانى هەڵبژاردنە دواخراوەکەى پەرلەمانى کوردستان بوو.
دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمان کە دەبوو ساڵى رابردوو ئەنجام بدرایە، بەرپرسانى هەرێمى کوردستانى روبەڕوى رەخنەى ناوخۆى و دەرەکی کردووەتەوە، بەگشتى لە هەموو کۆبوونەوەیەکى بەرپرساندا لەگەڵ نوێنەرانى وڵاتان ئەم پرسە گفتوگۆى لەسەر کراوە، هەرچەندە هەردوو لایەنى حکومڕان پارتى و یەکێتى جەخت لە هەڵبژاردن دەکەنەوە، بەڵام ئەم ماوەیە کە ناکۆکیەکان گەیشتنە قۆناغێکى چەقبەستوو، تیمى یەکێتى بۆ ماوەى نزیکەى حەوت مانگە بایکۆتى ئەنجومەنى وەزیرانى کردووە و کۆبوونەوەکانى پەرلەمانیش راگیراون، مەترسی لەسەر دواخستنەوەى هەڵبژاردنەکان زیاتربوون. ئەم مەترسییەش بە ئاشکرا بە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان گوتراوە، یەکێک لەوانە جینین پلاسخات، نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق چەندینجار بە راشکاوى رەخنەى گرتووە.
هەوڵەکانی هەفتەى رابردوو تەنها هی شاندە ئەمریکییەکە نەبوو، بەڵکو دوێنێش باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بەجیا لەگەڵ مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبووە و لە هەر چوار کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵبژاردن و کێشەناوخۆییەکانی هەرێم کراوە.
دوای کۆبونەوەکەش قوباد تاڵەبانی ئاشکرایکرد، هەوڵی جدی هەیە کێشەناوخۆییەکانی هەرێم چارەسەربکرێت، ئەم هیوا بەخشییەی قوباد تاڵەبانی لەخۆوە نەبووە، بەڵکو لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئامادەسازی بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان خۆی و مەسرور بارزانی کرا بوو، هەرچەندە لەکۆبوونەوەکەدا بە فەرمى گەڕانەوەى تیمى یەکێتى بۆ ئەنجومەنى وەزیران رانەگەیەندراوە، بەڵام زانیارییەکان ئاماژە بە گەڕانەوەى تیمەکە بەمنزیکانە دەکەن.
لە راگەیەندراوەکەى نوسینگەى سەرۆکوەزیرانیشدا هاتووە، هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی نێو کابینەکە.
مەترسی دواخستنەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەکاتێکدایە درێژکردنەوەى تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمان لەبەردەم نەشتەرى نادەستوریبوونیدایە، دادگاى فیدراڵى عێراق رۆژى 24ى ئەم مانگە جارێکى دیکە لەبارەى پرسەکە کۆدەبێتەوە و وەک پێشتریش راگەیەندراوە کۆبوونەوەکە بۆ بڕیاردانە لەبارەى دۆسیەکە، کە هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن بە نادەستورى دابنێت، هەر ئەوەش هۆکارێکى ئەوە بوو کە دادگا دەیەوێت لەم دانیشتنەدا بۆچوونى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق وەربگرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، چونکە کۆمسیۆنى هەرێم ماوەکەى کۆتاییهاتووە.