بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى و پەرلەمانى تورکیا گەیشتووەتە لوتکە و هەڕەشە و هێرشکردنە سەر یەکدى تێکەوتووە، هەڵبژاردنە چارەنوسازەکە تەنها شەش رۆژى ماوە.
بەدرێژایى دوو مانگى رابردوو چەندین جار تەقە لە بارەگای پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان کراوە، بەڵام دوێنێ بە ئاشکرا لە ئەرزەڕۆمى باکورى کوردستان هێرشکرایە سەر ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ و بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە شاری ئەرزەرۆمی باکوری کوردستان. ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات تۆمەتباردەکات بە هێرشکردنە سەریان.
لە هێرشەکەدا ژمارەیەک لایەنگرى جەهەپە بریندارکران و زیانی زۆری مادیشی لێکەوتەوە، جامی پاسەکەی ئیمامئۆغلۆ بە دار و بەرد شکێندرا، روداوەکەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە.
سەرەتا کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە و کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی گوتى، هاوپەیمانێتیەکی عەسکەرتاریەت هەیە کە ئەو بە مافیا و چەتە ناوى هێنا و دەڵێت، هێرشیان کردووەتەوە سەر ئیمامئۆغلۆ و دەیانەوێت گەل بترسێنن و گەل لە سندوقەکانی دەنگدان دوور بخەنەوە.
کلچدارئۆغلۆ هەروەها گروپە نەتەوەپەرستەکانیشی بە تیرۆریست ناوزەند کرد و گوتی، “هەموو شتێک باجی هەیە و گۆڕانکاریش باجی خۆی هەیە و ئێمە ئامادەین ئەو باجە بدەین.”
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتێکدا هێرشی سەر ئیمامئۆغۆلوی ئیدانە کرد و رایگەیاند، بەرپرسانی دەسەڵات بە قسەکانیان هەوڵی تیکدەری و جەمسەرگیری دەدەن و بەرپرسیاری ئەم دۆخەش دەسەڵات و هاوپەیمانەکانی و گوتەبێژەکانیانن.
هاوکات سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە زیندانەوە تویتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ئەردۆغان و باخچەلی بە بڵاوکردنەوەی رق و تووڕەیی، بە درۆ و تەشهیر وڵاتیان کردووەتەوە بە باروتخانە.”
دەمیرتاش داوا لە هاوڵاتیانی تورکیا دەکات ئارام بن و تووڕەیی خۆیان لە سندوقەکانی دەنگدان بەتاڵ بکەنەوە و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنن.
جگە لەوە بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و هونەرمەندانی بەناوبانگی تورکیاش لە تویتەردا ناڕەزایەتیان لەبەرامبەر زۆربوونی توندوتیژی و هێرشکردنە سەر ئیمامئۆغلۆ پیشاندا و داوایان کرد هەموو کەسێک خۆی لە توندوتیژی بەدوور بگرێت.
سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیاش لە بەرنامەیەکی تایبەتی ئولکە تی ڤیدا، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی تۆمەتبار کرد و گوتى، هەوڵی ئاژاوەگێڕیداوە بە قسەکانی و هیوادارام بە زوترین کات خوا لە تورکیا دووری بخاتەوە.
هاوکات بەکر بوزداغ، وەزیری دادی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی هێرشەکە گوتی، “ئێمە بەهۆی ئەم جۆرە هێرشانەوە نیگەرانین. ئۆمێدمان وایە بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی دیموکراسی و لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەبچێت و لەگەڵ هیچ رووداوێکی لەم شێوەیەدا نین.”
هەڵبژدارنى 14ى ئایار هەم بۆ دەسەڵات و هەم بۆ ئۆپۆزسیۆن چارەنوسازە، زۆرینەى راپرسیەکان باسی سەرکەوتنى کڵچدارئۆغلۆ و ئۆپۆزسیۆن دەکەن، دوایین راپرسی ئەمڕۆ ئەنجامەکەى لەلایەن کۆمپانیای ئاڤراسیا لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکراوەتەوە و لە بەرژەوەندى ئەردۆغان نییە.
بەگوێرەی راپرسیەکە، نە ئەردۆغان و نە کڵچدارئۆغلۆ ناتوانن لە خولی یەکەمى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیدا سەربکەوێت، بەڵام لە خولی دووەمدا، کەماڵ کلچدارئۆغلۆ 54.3٪ی دەنگەکان و رەجەب تەیب ئەردۆغانیش 45.7٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن. کەواتە ئەگەر ئەنجامى هەڵبژاردنەکان وەک ئەنجامى راپرسییەکان بێت کۆتایی بە سەردەمى حکومڕانى 20 ساڵەى ئاکەپە بە سەرۆکایەتى ئەردۆغان دێت و ئۆپۆزسیۆن سەردەکەوێت و کڵچدارئۆغلۆ دەگاتە کۆشکى سەرۆکایەتى.
هەر پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە دەنگدانکرا و بەگوێرەی ئەنجامەکان تەنیا 26٪ی دەنگدەران بەشداریان لە هەڵبژاردندا کردووە.
ئاژانسی ئانادۆڵوی فەرمی تورکیا رایگەیاند، لە کۆی پێنج هەزار و 741 دەنگدەر لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، هەزار و 518 دەنگدەر دەنگیانداوە.
لە هەولێر سێ سندوق و لە بەغداد دوو سندوق و سندوقێک لە بەسرە بۆ دەنگدانى هاوڵاتیانى تورکیا دانرابوون.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە کۆی سێ ملیۆن و 400 هەزار دەنگدەری وڵات، ملیۆنێک و 578 هەزار و 259 دەنگدەر دەنگدیانداوە.
دەنگدانی دەرەوەی وڵات لە 27ی نیسانەوە دەستیپێکرد و تاوەکو نۆی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
بەگشتی نزیکەی 64 ملیۆن و 114 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و پارتە سیاسییەکان کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمان دەکەن کە ژمارەیان 600 کورسییە. لەگەڵ ئەوەشدا چوار کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کردووە.