پاش نزیکەى حەوت مانگ، ئەمڕۆ مەسرور بارزانى، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.
بەگوێرەى نوسینگەى سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ مەسرور بارزانى پێشوازى لە قوباد تاڵەبانى کردووە و دەڵێت، لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا.
نوسینگەى سەرۆکوزەزیران دەڵێت، هەردوولا کۆک بوون لەسەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی نێو کابینەى حکومەت.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تيشک خراوەتە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و جەخت لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستوورییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
ناوەڕاستى مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى رابردوو، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى کرد، پاش دوو مانگ تیمى وزارى یەکێتى لە حکومەتیش بایکۆتى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى کرد و وەزیرەکان لە وەزارەتەکانیان بەردەوام بوون، لە کارکردن.
هەفتەى رابردوو باربارا ليف، ياريدهدهرى وهزيرى دهرهوهى ئەمریکا بۆ كاروبارى رۆژههڵاتى ناوەڕاست، دوو رۆژ لە هەولێرە مایەوە و لەگەڵ مەسرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى و مەسعود بارزانى و قوباد تاڵەبانى کۆبووەوە، بەگوێرەى ناوەرۆکى کۆبوونەوەکان تایبەت بوون بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن و کێشە ناوخۆییەکانى هەرێم.
نوسینگەى جێگرى سەرۆکوەزیران ئەوکات رایگەیاند، قوباد تاڵەبانى ئامادەیی خۆی بۆ هەموو دەستپێشخەرییەک راگەیاندوە، و گوتویەتی، پێشوازی لە هەرجۆرە دەستپێشخەرییەک دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئامادەین لەپێناو چارەسەرکردنی هەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی هاوبەش پێک بهێنین.
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە دوێنێ قوباد تاڵەبانى ئاشکرایکرد، هەندێک هەوڵ هەیه بە ئاراستەی هێوربوونەوە و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمى کوردستان.
پێشتریش مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێم چەند دەستپێشخەرییەکى راگەیاند و شاندێکى ئەنجومەنى وەزیرانیشى نارد بۆلاى قوباد تاڵەبانى تاوەکو بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران، بەڵام لە راگەیەنراوى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆشدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە ئاخۆ قوباد تاڵەبانى و تیمى وەزارى یەکێتى بایکۆتەکەیان شکاندووە و لەمەودوا دەگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران یاخود نا.
لە هەولێر ئەیوب وەرتی لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانەوە باس لە ئەگەری گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتی و قوباد تاڵەبانی دەکات