دوێنێ پرۆسەی دەنگدانی تورکیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و تەنیا 26.44٪ی دەنگدەران بەشداریان لە هەڵبژاردندا کردووە.
پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە پێنجی نیسانەوە دەستیپێکرد و تاوەکو کاتژمێر 9:00ى ئێوارەی دوێنێ بەردەوام بوو.
بەگوێرەی ئاژانسی ئانادۆڵوی فەرمی تورکیا، لە کۆی پێنج هەزار و 741 دەنگدەر لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان، هەزار و 518 دەنگدەر دەنگیانداوە، واتە 26.44٪ی دەنگدەران بەشداریان کردووە.
لە هەولێر سێ سندوق و لە بەغداد دوو سندوق و سندوقێک لە بەسرە بۆ دەنگدانى هاوڵاتیانى تورکیا دانرابوون.
لە کاتێکدا کە ژمارەی دەنگدەرانی تورکیا لە بەسرە 132 کەسە، 74یان بەشدارییان لە دەنگداندا کرد. لە کۆی هەزار و 775 دەنگدەریش لە بەغداد 415 دەنگدەر بەشدارییان کرد و لە هەولێریش کە زۆرترین هاوڵاتییانی تورکیا لە عێراق لەو شارەدا دەژین، لە کۆی سێ هەزار و 834 دەنگدەر هەزار و 29 دەنگدەر بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کرد.
لە لایەکی دیکەوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە کۆی سێ ملیۆن و 400 هەزار دەنگدەری وڵات، ملیۆنێک و 578 هەزار و 259 دەنگدەر دەنگدیانداوە.
دەنگدانی دەرەوەی وڵات لە 27ی نیسانەوە دەستیپێکرد و تاوەکو نۆی ئەم مانگە و دەنگدانی دەروازە سنورییەکانیش تاوەکو 14ی ئەم مانگە بەردەوام دەبن.
بەگشتی 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و پارتە سیاسییەکان کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمان دەکەن کە ژمارەیان 600 کورسییە. لەگەڵ ئەوەشدا چوار کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کردووە.