کەمینەیەکی پەرلەمان تەگەرەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان دروستکردووە، وادەردەکەوێت 11 کورسییەکە هەژموونی بەسەر 100 کورسییەکەی دیکەدا هەیە.
رەنگە ئەمە تەنها بۆ پێش هەڵبژاردن راستبێت، چونکە دوو پارتە سەرەکییەکەی هەرێم هەریەکەیان بەجیا هەوڵدەدەن مەیلی 11 کورسییەکە بۆ خۆیان رابکێشن. هەرچەندە کێشەکە هی پێکهاتەکانە، بەڵام یەکێتی و پارتی شەڕی لەسەر دەکەن.
ئەم دوو حزبە کە دەتوانن کێشە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروستبکەن، هێشتا لەسەر کورسی پێکهاتەکان رێکنەکەوتوون، بەڵام پێکهاتەکان کارتێکی دیکەی سیاسی دەخەنە گۆڕەپانەکە و دەیانەوێت ئەو 11 کورسییەی کە پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنەکەی رێكنەکەوتوون بیکەن بە 20 کورسی.
بەرەی تورکمانی کە حزبێکی عێراقی تورکمانەکانە داوادەکات کورسی پێکهاتەکان بۆ 20 کورسی زیادبکرێت. ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی بەزوومی راگەیاند، کورسی پێکهاتەکان کەمە و پێی رازی نین.
ئایدن مەعروف هۆکاری زیادکردنەکە رووندەکاتەوە و دەڵێت، دەمانەوێت هاوەشێوەی پەرلەمانی عێراق کورسی بۆ پێکهاتەو ئاینزاکانیش هەبێت، چونکە ئێزدی و شەبەک و فەیلی و کاکەیی و زەردەشتی داوای کورسی دەکەن.
بەرەی تورکمانی لە زیادکردنەکەدا ئامانجێکی دیکەی هەیە و ئایدن مەعروف دەڵێت، لە 11 کورسییەکەی ئێستا 5 کورسی هی تورکمانە، بەڵام دەبێت لە 20کورسییەکە 10 کورسیان بۆ تورکمانەکانی هەرێم بێت چونکە تورکمان نەتەوەی دووەمە لە هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە لە ساڵانى رابردوودا دەنگێک هەبوو دەیگوت کورسى پێکهاتەکان زۆرە، بەڵام ئێستا وادەردەکەوێت ئەو 11 کورسییە بووەتە واقیع و کەمکردنەوەی مەحاڵە، یەکێتیش ناچاربووە کە خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت، بۆ ئەمەش پێشنیازی کردووە کورسی پێکهاتەکان بکرێتە فرەبازنەیی و 4 کورسی بکەوێتە سنوری بازنەی پارێزگای سلێمانییەوە، بەڵام یەکێتى بەتەواوەتی دژی زیادکردنی کورسی پێکهاتەکانە.
ئەم هەوڵ و داواکارییەی بەرەی تورکمانی لەکاتێکدایە کە بەشێک لە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کەبووەتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردن، کورسی پێکهاتەکانە.
پێکهاتەکان یەکێتی و پارتی کردووە بە دوو بەشەوە، پارتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنەکە یەک بازنە بێت و لە هەموو شوێنێکەوە هاوڵاتیانن بتوانن دەنگ بدەن بە کاندیدی پێکهاتەکان، یەکێتیش دژی ئەوەیە و دەڵێت فرە بازنە بێت و هەر بازنە و کورسی پێکهاتەی خۆی هەبێت و دەنگدەری ناوچەکەی خۆی دەنگی پێبدات.
رەنگە ئەم داواکارییەی پێکهاتەکان و بەرزکردنەوەى ئاستى داواکارییەکانیان لەم کاتەدا بەشێک لە دیبلۆماسیەتی تێدابێت و و کارتێکی سیاسی بێت کە خۆیشی ئەنجامەکەی بزانێت، بەڵام دەیەوێت بە مەرجی دابەشنەکردنی 11 کورسییەکە دەستبەرداری داواکارییەکەی ببێت.
خۆ ئەگەر داواکارییەکەى بەرەی تورکمانی جێبەجێبکرێت ئەوا کورسی پێکهاتەو ئاینەکان دەبێت بەهێزی دووەم یاخود سێیەم، ئەگەر ژمارەی کورسی فراکسیۆنەکانی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بە نمونە وەربگرین ئەوا دەردەکەوێت هێزی دووەم کە یەکێتیە تەنها 21 کورسی پەرلەمانی هەیە.