زووم:
دوانزە ساڵە کورسیەکەی سوریا لەنێو کۆمکارى عەرەبی کەسى لەسەر دانەنیشتووە، بەڵام لە ئەمڕۆوە چیدیکە چۆڵ نابێت و سوریا گەڕایەوە نێو کۆمکارەکە.
جەمال روشدی، گوتەبێژی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند بڕیاریانداوە سوریا بگەڕێتەوە و کورسیە خاڵیەکەی پڕبکاتەوە، ئەمەش لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە بڕیاری لەسەردراوە.
ئاژانسی هەواڵی عێراق لە زاری ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی رەزامەند بوون لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی.
لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندان و دواتر شەڕى ناوخۆى سوریاوە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2011 بەشداری سوریا لە کۆمکاری عەرەبی راگیرا، جگە لەوە ئەو کات کۆمکاری عەرەبی بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای سیاسی و ئابوری بەسەر سوریادا.
سەرچاوەیەک بە کەناڵى عەرەبیەی راگەیاندووە، گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی مەرجدارە و دواتر بە راگەیەندراوى فەرمی بڵاودەکرێتەوە.
سەرچاوەکە راشیگەیاندووە، بڕیاردراوە لە ئەمڕۆوە شاندەکانی سوریا بتوانن لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی بەشداربن.
دەزگای هەواڵی “عالەمی عەرەبی” لە زاری گوتەبێژی کۆمکاری عەرەبیەوە رایگەیاندووە، رەنگە بەشار ئەسەد بانگهێشت بکرێت بۆ بەشداری لە لوتکەی عەرەبی داهاتوو لە ریاز لە 19ی ئایار.
گوتەبێژەکە ئەوەشی راگەیاندووە، گەڕانەوەی سوریا پێویستی بە دەنگدان نیە لەبەرئەوەی هەموو بڕیارەکانی کۆمکاری عەرەبی بە رێککەوتن دەبێت.
لە 22ی ئازاری 1945 رێککەوتننامەی “کۆکاری وڵاتانی عەرەبی” واژۆکرا لەلایەن هەر یەک لە عێراق،ئوردن،سوریا، لوبنان و میسر کە دواتر سعودیەش هاتە ناو رێککەوتنەکە و قاهیرە کرا بە شوێنی بارەگای کۆمکاری عەرەبی، وە لە ئیستادا خاوەنی 22 وڵاتی ئەندامە.
ئامانج لەم کۆمکارە بەهێزکردنی هاوکاری و هاریکاری یەک و کە دەنگبوون لە کاتی کێشە و پاراستنی سەروەری وڵاتانی ئەندام و پاراستنی بەرژەوەندی وڵاتانی عەرەب.