زووم، ئاژانسەکان
ئەمڕۆ هێزەکانی روسیا دەستیان بە کشانەوە کرد لە شارۆچکەیەکی نزیک شاری زاپۆریژیا، کە وێستگەیەکی ئەتۆمی لێیە، ئەوەش ترسێکی “زۆر”ـی لەو ناوچەیەدا دروستکردووە.
بەرپرسێکى باڵای سەربازیی ئۆکراین لەو ناوچەیە رایگەیاند روسیا خەڵکی هاوردەکراوی 18 کۆمەڵگای ناوچەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە ناوچەکە بەپەلە چۆڵبکەن، یەکێک لەناوچەکانیش شارۆچکەی ئێنەرهۆدارە، کە دەکەوێتە نزیک وێستگە ئەتۆمییەکە.
ئیڤان فێدۆرۆڤ، قیمقامی شاری مێلیتۆپۆل، رایگەیاند بەهۆی قەرەباڵغی و ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێلەوە خەڵکی ئەو ناوچەیە پێنج کاتژمێر لەسەرەدا ماونەتەوە بۆ ئەوەی لەو ناوچەیە رابکەن.
رافایل گرۆسی، بەڕیوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، هۆشداریدا کە پێدەچێت “روداوێکی ئەتۆمی خراپ” لەو ناوچەیەدا روبدات.
ئەو دەڵێت: “دۆخی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا تاوەکو دێت بەرەو دۆخێکی پێشبینی نەکراو دەچێت و ئەگەری مەترسییەکی زۆری هەیە.”
لەبارەی وێسگەکەشەوە دەڵێت ستافی بەڕێوەبردن هێشتا لەوێ ماونەتەوە و ئەوان ناوچەکەیان چۆڵ نەکردووە، بەڵام مەترسییەکی جددیی لەسەر خۆیان و خێزانەکانیان هەیە.
وێستگەکەش نامەیەکی ئاگادارکردنەوەیان پێدراوە کە ئەو شارۆچکەیەی زۆربەی ژن و منداڵی کارمەندانی وێستگەکەی تێدا نیشتەجێیە وردە وردە چۆڵدەکرێت.
بەرپرسی دانراوی روسیا لەو ناوچەیە رایگەیاند لە چەند رۆژی رابردوودا هێزەکانی ئۆکراین لەو ناوچەیە دەستپێشخەرییان کردووە و دەستیانکردووە بە بۆمبارانی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لەنزیک ئەو کۆمەڵگایانە.
ئاماژەی بەوەشداوە “فەرمانم کردووە لەسەرەتادا هەموو منداڵ، کەسانی بەتەمەن، خاوەن پێداویستی تایبە و نەخۆشانی نەخۆشخانەکان لەو ناوچانە راگوێزرێن.”
ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیی هەر لەسەرەتای دەستبەسەرداگرتنی وێستگەکەوە لە شوباتی ساڵی رابردوو، هۆشداری داوە کە وێستگەکە مەترسی لەسەرە بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی کە چەندجارێک کارەباکەی بڕاوە لەکاتێکدا پێویستی بە ساردکەرەوە هەیە.
سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی روسیا بەشێکی زۆری هەرێمی زاپۆریژیایان کۆنترۆڵکردووە، تاوەکو ئێستا سەنتەری شارەکە لەژێر دەسەڵاتی ئۆکرایندا ماوەتەوە.
بەرپرسانى ئۆکراینى کە لە مێلیتۆپۆل دورخراونەتەوە دەڵێن زۆرێک لە دوکان و دەرمانخانەکانی ئەو ناوچە چۆڵکراوان و کەلوپەلی پێویست و دەرمانیان تێدانەماوە. ئێستا دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە و نەخۆشخانەکان خەریکی ناردنەوەى نەخۆشەکانیانن، بەهۆی ئەوەی ترسیان هەیە بۆردومانی ئەو ناوچەیە ئاو کارەبای نەخۆشخانەکە ببڕێت.
ئیڤان فێدۆرۆڤ دەڵێت چۆڵکردنی ناوچەکە زۆر خێرا بەڕێوەدەچێت، ئەگەری ئەوە هەیە کە روسیا خۆیان بۆ ئیستفزازکردنی خەڵکی ئامادەبکەن و سەرنجەکانیان زیاتر بخەنە سەر خەلکی مەدەنی.”