حەوت رۆژى دیکە هەڵبژاردنێکى چارەنوساز لە تورکیا، ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت ئاماژەى گۆڕانکارى لە حکومڕانى وڵاتەکەدا هەیە.
ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانی، راپۆرتێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتى و پەرلەمانى تورکیا لە 14ی ئایاردا بڵاوکردەوە و دەڵێت: “بەگوێرەی راپرسیەکان کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل بە جیاوازیەکی کەم لەپێش رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵاتەوەیە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە لە ئەنقەرە گۆڕنکاری بەڕێوەیە.”
رۆیتەرز نووسیویەتی: “تورکیا چاوەڕێی گرنگترین هەڵبژاردن دەکات و کلچدارئۆغلۆ بەڵێنی چارەسەری قەیرانی گرانی دەدات و دەڵێت لە وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر نزیک دەبێتەوە و سەربەخۆیی دادگا دەگەڕێنێتەوە و بۆیەش پێدەچێت، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەربکەوێت.”
ئەردۆغان لە “شکست” نزیک بووەتەوە
ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، زۆر کەس چاودێری ئەوە دەکەن. ئایا ئەردۆغان “شکست” دەهێنێت کە لە مێژوودا سەرۆکێکی دیکە ئەوەندە لە دەسەڵاتدا نەماوەتەوە. چاودێرانیش پێیان وایە، بەهۆی سیاسەتەکانی لە چەند ساڵی رابردوودا، ئەردۆغان لە هەموو کاتێک زیاتر لە “شکست” نزیک بووەتەوە.
رۆیتەرز دەشڵێت لەلایەکی دیکەوە ئەگەر کەمال کلچدارئۆغلۆ سەربکەوێت، دوور نییە روبەڕوی کێشە ببێتەوە، لەبەرئەوەی هاوپەیمانێتیەکەی لە لایەنە عیلمانی، ئیسلامی، نەتەوەپەرست و لیبڕالەکان پێکهاتووە، ئەمەش دوورنییە قەیرانێک دروست بکات.
ئەردۆغان و باخچەلی دژی میدیا جیهانییەکان دەوەستنەوە
دەسەڵاتدارانی تورکیا لە میدیاکانی وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانن و لە چەند رۆژی رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەکی سەرۆکی گشتی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بەتوندی قسەیان لەبارەی میدیاکانی رۆژئاوا کرد.
دوای ئەوەی گۆڤاری ئەکۆنۆمیستی بەریتانی، راپۆرتێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەردۆغان کۆتایی پێدێت و دیموکراسی جێگیر دەبێت، باخچەلی و ئەردۆغان کاردانەوەی توندیان پیشاندا.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوریدا لە شاری ئەرزەرۆمی باکوری کوردستان رایگەیاند دوای سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا، جگە لە هەندێک گۆڤاری جیهان کەس نیگەران نابێت.
دەوڵەت باخچەلیش لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری بالیکەسیر گوتی: “گۆڤاری ئەکۆنۆمیست رایگەیاندووە، کاتی چوونی ئەردۆغان هاتووە، بەڵام گەلی تورکیا لە 14ی ئایاردا دیاری دەکات کێ دەڕوات. ناتوانن تورکیا بکەنە وڵاتێکی داگیرکراو. هەموویان با پێکەوە هێرش بکەن، ئەگەر سەرمان دانەوێنین، وەک ئەوان نامەرد دەبین. دەیانەوێت تۆڵە لە کۆمارەکەمان بکەنەوە.”