زووم:
رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراقی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە لە ژێر ناونیشانی “وەستانی هەناردەی نەوت لە رێگای جەیهانەوە کاریگەری خراپی کردووەتە پەسەندکردنی بودجە”.
رۆژنامەی سەباح دەڵێت پرۆژەیاسای بودجەی عێراق باس لە هەناردەی نەوت دەکات بە بڕی سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی رۆژانە، کە لەو بڕە 400 هەزار بەرمیلی لە رێگەی هەرێمی کوردستان و 80 هەزار بەرمیلی لە رێگەی کێڵگەکانی کەرکوکەوە هەناردە دەکرێت بۆ بەندەری جەیهان. وەستانی ئەم هەناردەیە رۆژانە زیانی 40 ملیۆن دۆلار لە عێراق دەدات.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە سەباحی گوتووە، حکومەتی هەرێمى کوردستان ئەوەی لەسەری بوو جێبەجێی کردووە بە رادەستکردنی داهاتی نەوت بە حکومەتی عێراقی و فرۆشتنی لە رێگەی سۆمۆوە. دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەلایەکەوە پەیوەستە بە حکومەتی عێراقی و حکومەتی تورکیا، لەلایەکی دیکەشەوە پەیوەستە بە حکومەتی عێراقی و ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێم دەکڕن.
سەباح سوبحی دەڵێت حکومەتی عێراق سەرقاڵی دانوستانە، پێویستە کۆمپانیای سۆمۆ رەزامەند بێت لەسەر لیستی ئەو کۆمپانیایانەی نەوتی هەرێم دەکڕن وەک پێشتر.
ئەو ئاماژەى بە لێدوانێکی ئەم دواییەی وەزیری نەوتى عێرا داوە و دەڵێت بومەلەرزەکەی مانگی شوباتی تورکیا زیانی بە بۆری هەناردەی نەوتی هەرێم گەیاندووە و بۆریەکە پێویستی بە نۆژەندکردنەوەیە، دەبێت هەردوو حکومەتی عێراقی و تورکیا پەلەبکەن لە نۆژەندکردنەوەى.
سەلام سمەیسەم، راوێژکاری ئابوری، بە سەباحی گوتووە، دواکەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بابەتێکی سیاسیە زیاتر، نەک ئابوری، بەو پێیەی جگە لە حکومەتی هەرێمى کوردستان و حکومەتی ناوەند، لایەنی سێیەم کە تورکیایە هاتووەتە نێو بابەتەکە، کە بە دڵنیایی هەوڵدەدات دەستکەوتی دیکە بەدەستبهێنێت لەم بابەتەدا.
لە رۆژى 25ى ئازارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا راگیراوە، ئەوەش پاش بڕیارى دادگاى ناوبژیوانى نێودەوڵەتى بوو لە پاریس، کە دۆسیەى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستانى لە بەرژەوەندى عێراق یەکلایکردەوە.