زووم، ئاژانسەکان
بەهۆی باران و لافای زۆرەوە لە وڵاتی کۆنگۆ کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەفریقا، زیاتر لە 200 کەس گیانیانلەدەستدا و چاوەڕوانى بەرزبوونەوەى زیاترى ژمارەى قوربانیان دەکرێت.
بەگوێرەى بەرپرسانی وڵاتەکە، بەشێکی زۆری ئەوانەى گیانیان لەدەستداوە بەهۆی داڕمانی زەوییەوە بووە، کە چەند گوندێکی ناوچەی کالەهێی پارێزگای کیڤوی وڵاتەکەی گرتووەتەوە.
بەهۆی خراپی دۆخەکە و نادیاری بەشێک لە قوربانییان، تاوەکو ئێستا ژمارەی کۆتایی قوربانیانی لافاوەکە نەزانراوە. بارانەکەش لە رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە دەستیپێکردووە و زیانێکی زۆری بە چەند گوندێکی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی روبارەکانی ئەو وڵاتە چەند ماڵێکی سەر روبارەکان ئاوبردوونی و چەند گوندێکیش ژێرئاوکەوتوون.
At least 200 people have been killed in flash floods in eastern DR Congo. Heavy rainfall has caused rivers to overflow banks. A local civil society member says 227 bodies have been found. In neighboring #Rwanda, floods and landslides have killed at least 130 people. #DRCongo pic.twitter.com/UXD9u1e5RU
— CGTN Global Watch (@GlobalWatchCGTN) May 6, 2023
دەنیس مەکاگوێ، کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە و نۆرینگەی پزیشکی لەو ناوچەیەیە، رایگەیاند چەند تیمێکی پزیشکی بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان رەوانە کردووە بۆ ئەوەی فریاگوزاریی سەرەتایی پێشکەش بە لێقەوماوان بکەن.
دوو رۆژ پێشتر بەهۆی لافاوێکی دیکەوە لە وڵاتی رواندای دراوسێى کۆمارى کۆنگۆ 131 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران ماڵ بەهۆیەوە روخان.
شەوی رابردوو ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان هاوخەمی خۆی بۆ قوربانیانی وڵاتەکە دەربڕی و هەردوو لافاوەکەی بەر “روداوی کارەساتبار” وەسفکرد.
گوتێرێز لە پەیامێکدا رایگەیاند: “ئەمەش دەرخەری یەکێکی دیکەیە لە گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوا، کە کارییەگەرییەکی کارەساتباری لەسەر ئەو وڵاتانە هەیە، کە هیچ بەرپرسیار نەبوون لە گەرمبوونی جیهان”.
شارەزایانی بواری کەشناسی دەڵێن روداوە توندەکانی کەشوهەوا پەیوەندیی راستەوخۆی بەو بڕ و توندییەی کە لە گۆڕانی کەشوهەوادا رودەدات هەیە.