رۆژنامەى سەباح، لە ژمارەى ئەمڕۆ سێشەممە، ئاماژەى بە ناکۆکییەکانى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان کردووە، لەسەر دابەشکردنى پۆستە وەزارییەکانى کورد لە حکومەتى نوێى عێراقدا و باسى لەوەکردووە، کە پارتی بە ئاشکرا داواکاری هاوتاکەی خۆی (یەکێتی) بۆ دابەشکردنى پۆستەکان بە یەکسانى رەتدەکاتەوە.
پاش ساڵێک لە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و ناکۆکی بەردەوامی لایەنە سیاسییەکان، دواجار لە 13ی ئەم مانگە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا و ئەویش محەمەد شیاع سودانی وەکو کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد لە ماوەی 30 رۆژدا.
هەرچەندە چوارچێوە سودانی سەرپشک کردووە لە دیاریکردنی وەزیرەکانی کابینەکەی، بەڵام لێدوان و هەواڵەکان هێشتا جەخت لە بوونی ناکۆکی و پشک پشکێنە دەکەنەوە.
لە هەرێمی کوردستانیش، ناکۆکییەکان لە نێوان لایەنەکان قوڵ بووەتەوە سەبارەت بە پشكی وەزارەتەکان، یەکێتی پێیوایە مافی تەواوی خۆی بەدەست نەهێناوە بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، پارتیش پێیوایە کە نابێت لەگەڵ یەکێتی هاوتابن لە پشکی وەزارەتەکان، لە کاتێکدا کە پارتی 12 کورسی پەرلەمانی لە یەکێتی زیاترە.
غەیاس سورچی، ئەندامى یەکێتی نیشتمانى کوردستان بە رۆژنامەى سەباحی گوتووە “یەکێتی کاندیدی بۆ سەرجەم وەزارەتەکان کە پشکی کوردن پێشکەش بە سودانی کردووە، یەکێتی داوای دوو وەزارەتی کردووە لەو چوار وەزارەتەی بۆ کورد تەرخان کراوە”.
بەگوێرەى زانیارییەکان، ئەو چوار وەزارەتەى کە بڕیارە لە کابینەکەى سودانى بدرێت بە لایەنە کوردییەکان، لە وەزارەتەکانى دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە، داد و ژینگە پێکهاتوون.
محەمەد زەنگەنە، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەباحی راگەیاندووە “یەکێتی دەیەوێت بە چوارچێوە بڵێت کە ئەوان هەمیشە هاوکاریان بوون، ئێستاش دەیانەوێت پاداشتی هاوکارییەکە وەربگرنەوە، چونکە بەرهەم ساڵحی کاندیدیان لە سەرۆکایەتی کۆمار دوورخرایەوە”.
محەمەد زەنگەنە رەتیشیکردەوە هیچ رێککەوتن و لێکتێگەیشتنێک لە نێوان پارتى و یەکێتى هەبێت سەبارەت بە پشکی وەزارەتەکانی کورد لە حکومەتی نوێی عێراق.
نزار محەمەد، چالاکى مەدەنی بە رۆژنامەکەى گوتووە “پارتی دەیەوێت سێ وەزارەتی بەربکەوێت لە نێوانیان وەزارەتی دەرەوە هەروەها وەزارەتی ژینگە کە پێشتر پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بووە لە حکومەتەکانى پێشوو، لەکاتێکدا دەزانێت کە یەکێتی داوای دوو وەزارەت دەکات”.
سەبارەت بە وادەى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق بۆ متمانەدان بە حکومەت عەلی حسێن فەتلاوی سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح بە سەباحى راگەیاندووە: لەم یەک دوو رۆژە دەنگ بە کابینەی نویی حکومەت دەدرێت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، کاندیدی 17 بۆ 18 وەزارەت یەکلابووەتەوە و دەنگی لەسەر دەدرێت، وەزارەتەکانی دیکەش بە وەکالەت لەلایەن سودانی بەڕێوەدەبرێن تا کاتی یەکلابوونەوەیان.