زووم، ئاژانسەکان
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی جیهانیی و مێژووییدا، بەریتانیا تاجی پاشایەتی دەخاتە سەر شا چارلزی سێیەم، روداوێک کە دوای 70 ساڵ خۆی دووبارە دەکاتەوە.
رێوڕەسمەکە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ بەکاتی بەریتانیا لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، کە دەکاتە کاتژمێر 1:00ى پاشنیوەڕۆ بەکاتى هەرێمى کوردستان. بڕیارە 2300 میوان لە زیاتر لە 200 وڵاتی جیاوازەوە بەشداریی لە رێوڕەسمەکەدا بکەن، کە دوو کاتژمێر دەخایەنێت.
ئەو تاجەی دەخرێتە سەر پاشا لە ساڵی 1661 دروستکراوە و تەواوی چوارچێوەکەی لە زێڕ دروستکراوە و چەندین ئەڵماسی گرانبەهای لەسەر دانراوە. تاجەکە لە 360 ساڵی رابردووەوە خراوەتە سەری شەش پاشای وڵاتەکەوە.
شا چارلز لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو بوو بە پاشای شانشینی بەریتانیا و 14 شانشینی دیکە. ئەمەش دوای کۆچی دوایی دایکی، شاژنە ئێلیزابێس هات، کە بۆ ماوەی 70 ساڵ لە فەرمانڕەوایەتی ئەو وڵاتەدا مایەوە.
رێوڕەسمەکە چەندین مانگە ئامادەکاریی چڕوپڕی بۆ دەکرێت و دەبێت بە 40مین رێوڕەسم لە مێژووی بەریتانیادا لە ساڵی 1066ی زاینییەوە. بەهۆی مێژوویی بوونی رێوڕەسمەکە، سەدان کەس لەو شەقامەدا چادریان هەڵداوە بۆ ئەوەی شایەتحاڵی روداوەکەی ئەمڕۆبن.
رێوڕەسمەکە لەکاتێکدایە پێشبینیدەکرێت چەندین ناڕەزایەتی لە دژی سیستمی پاشایەتی و بنەماڵەى شاهانە بەڕێوەبچێت. هەربۆیە زیاتر لە 11 هەزار و 500 پۆلیس و ئەفسەری ئەو وڵاتە لە ئەرکدا دەبن، ئەمەش زۆرترین ژمارەیە لە مێژووی ئەو وڵاتە کە لە رۆژێکدا پێکەوە لە ئەرکدا بن.
رێوڕەسمەکە لە کۆشکی وێستمینستەر ئابی لە لەندەن، کە دوو کیلۆمەتر لە کۆشکی بەکینگهام پاڵاسەوە دورە، بەڕێوەدەچێت لەسەرەتادا هەریەک لە شا چارلز و شاژنە کامیلا پێکەوە بەرەو وێستمینستەر ئابی رێدەکەن و دوای سوێندخواردنی پاشا و تاج لەسەرنانی بە گالیسگەیەکی زێڕین دەگەڕێنەوە بۆ کۆشکی بەکینگام.
ئەو گالیسکەى شا چارلز و شاژنە کامیلا پێی دەگەڕێنەوە بۆ کۆشکی بەکینگام