خەریکە دەنگۆی یەک لیستی حزبە کوردییەکان لەکەرکوک دەبێتە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان.
هەرچەندە بڕیارە 6ی 11ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، بەڵام رەنگە حزبەکوردییەکان ئەو هەڵبژاردنەیان لا مسۆگەرتربێت تا ئەوەی کوردستان. ئەگەر چی بڕیارە لە هەمان مانگدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان هەردوو لایەنی سەرەکی پارتی و یەکێتیەوە رەنگە بۆ جاری دووەم هەڵبژاردنەکە دوابخرێت، ئەمە ناوبەناو دەبێتە لێدوانی بەرپرسانی هەردوو حزبکە.
ئەم بابەتە ئەمڕۆ لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا باسکرا، لە کۆبوونەوەیەکی نێوان سەڵاحەدین بەهادین و لاهور شێخ جەنگی و عەلی باپیردا باسکراوە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، لەو پێناوەدا هەوڵدەدەین کە لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، جیاوازتر مامەڵە بکەن و لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا کورد بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکات.
لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، بۆ ئەم هەوڵە پشتیوانی سەڵاحەدین بەهادین و یەکگرتووی بەدەستهێناوە و ئەویش لە کۆبوونەوەکەدا گوتویەتی، کورد لەوناوچاونە بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکات.
دوای کۆبوونەوەکەش، سەڵاحەدین بەهادین رایگەیاند، جەختمان لە زەرورەتی چاككردنەوەی دۆخی ناوخۆی هەرێم و چارەسەری ئاشتیانەو یاسایی كێشەكان کردوە.
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو دەڵێت، یەكگرتوو لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە لە كاتی خۆیدا.
کۆبوونەوەکەی دووەمی هەولێر لە نێوان عەلی باپیر و لاهور شێخ جەنگی بووە، کە دوای کۆبوونەوەکە عەلی باپیر رایگەیاند، بە پێویست زانرا لایەنە كوردییەكان هەوڵ بدەن لەپێناو لەدەستنەدانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، ههماههنگی و ڕێكەوتنیان هەبێت.
عەلی باپیر دەڵێت، باسمان لە ئەنجامدانی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان کردووە و ههردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لەژێر هیچ پاساوێكدا هەلبژاردنەکە لەوەزیاتر دوانەخرێت.
هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەری بەراورد بە حزبەکانی دیکە جیاوازە بەوپێیەی دووشەممەی رابردوو عەلی باپیر رایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردنەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەکەیەکی گەورەن لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، جگەلەوەش کێشە و قەیرانەکان مەترسیی جدییان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
لە روانگەی عەلی باپیرەوە، ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێی سلێمانی هاوشێوەی پەرلەمانی کوردستان ماوەیان بەسەرچووە. بۆیە بڕیاریاندا سەرجەم نوێنەرانیان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەشبکەن.