بەگوێرەى راپۆرتێکی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی، کە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەمال کلچدارئۆغلۆی کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا ئەنجامداوە، وڵاتەکە لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیدا، لە چەندین لاوە روبەڕوی مەترسیی بووەتەوە.
کلچدارئۆغلۆ، کە لەلایەن شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەوە پشتیوانی لێدەکرێت، دەڵێت ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا بیباتەوە، بەهەر نرخێک بێت ئازادیی و ئاشتیی لە تورکیادا دەهێنێتە کایەوە.
لە چاوپێکەوتنەکەدا کلچدارئۆغلۆ رایگەیاندووە، “گەنجی ئێستا دیموکراسیان دەوێت، نایەوێت بەیانی کە لە خەو هەستان پۆلیس بێتە بەردەرگای ماڵەکەیان و لەسەر تویتێک لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات”.
کلچدارئۆغلۆ وەک سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە)، رکابەری سەرەکی ئەردۆغانە بۆ هەڵبژاردنەکانی 14 ئەم مانگە. بەگوێرەى راپرسسییەکانی پێش هەڵبژاردنیش لە زۆرینەیان کلچدارئۆغلۆ بە دەنگێکی کەم لەپێشە. هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە کێبڕکێکە دوای یەک هەفتە لە هەڵبژاردنەکان بچێتە خولی دووەمەوە کە تێیدا تەنها دوو کاندیدی سەرۆکایەتی دەچنە پێشبڕکێوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا، خەڵکی بەهۆی ئەوەی قسە بە سەرۆک دەڵێن دەخرێنە زیندانەوە. بە گەنجانی وڵاتەکەشی دەڵێت، “دەتوانن بەوپەڕی ئازادییەوە رەخنەم لێبگرن، دڵنیایان دەکەم کە ئەو مافەیان دەبێت”.
لەبارەی مەترسیی بۆسەر ژیانی، کلچدارئۆغلۆ دەڵێت، “کارکردن لە سیاسەتدا لەناو تورکیا بە مانای هەڵبژاردنی ژیانێکی مەترسیدارە. ئەردۆغان و هاوپەیمانێتییەکەی هەرچییەک بکەن، من بەرێگەی خۆمدا دەڕۆم. ئەوان ناتوانن من بوەستێنن. ناتوانن بمترسێنن. من بەڵینم بەم گەلە داوە.”
ئەم گوتانەی کلچدارئۆغلۆ لەکاتێکدایە کە ئەردۆغان پێشتر وەک گاڵتەکردنێک پێی گوتبووی ” کلچدارئۆغلۆ تەنانەت ناتوانێت مێگەلێک مەڕیش بەڕێوە ببات.” بەڵام ئێستا بووە بە رکابەری سەرسەختی و ناتوانێت نکوڵی لەو واقیعە بکات.
لە چاوپێکەوتنەکەدا کلچدارئۆغلۆ بە بی بی سی گوتووە، “دەمانەوێت ببین بە بەشێک لە کۆمەڵگەی شارستانیی جیهانیی. دەمانەوێت میدیای ئازاد و دادگای تەواو سەربەخۆمان هەبێت بەڵام ئەردۆغان نایەوێت ئاوا بیربکاتەوە. ئەو دەیەوێت حوکمی تاکڕەوانە بکات. جیاوازیی نێوان ئێمە و ئەردۆغان وەک جیاوازیی رەش و سپی وایە.”
سەبارەت بە دۆڕانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکان، بی بی سی دەپرسێت ئایا دوای 20 ساڵ لە حوکمڕانی، ئەردۆغان هەر ئاوا بە بێدەنگی دەسەڵات دەدات بە دەستەوە.
لە وەڵامدا کلچدارئۆغلۆ دەڵێت، “ئێمە خانەنشینی دەکەین و دەیخەینە سوچێکەوە. کەس خەمی نەبێت، بەبێدەنگی دێتەخوارەوە.”