راپرسیەکی نوێ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکرایەوە و کۆمسیۆنی باڵا هەڵبژاردنەکانیشی هەموو جۆرە راپسی، لێکۆڵینەوە و پێشبینییەکی هەڵبژاردنی قەدەغە کرد.
10 رۆژ ماوە کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجام بدرێت. بەگوێرەی یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، ئیدی هەموو جۆرە، راپرسی، لێکۆڵینەوە، پێشبینی، بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی دەنگی لایەنەکان بە شێوەیەکی فەرمی لە میدیاکاندا قەدەغەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دواین راپرسی لەلایەن گروپی پۆلیمارەوە بڵاوکرایەوە، کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوەکان. گروپەکە راپرسی لەبارەی دەنگی لایەنەکان کردووە و دواتر پێشبینی ژمارەی کورسیەکانی لایەنەکانی کردووە لە پەرلەماندا کە بەم شێوەیەیە:
کورسیەکانی هاوپەیمانی کۆمار (ئاکەپە، مەهەپە و رەفاحی نوێ) 246%
کورسیەکانی هاوپەیمانی گەل (جەهەپە، پارتی باش، دەڤا، ئاییندە، دیموکرات و سەعادەت) 227%
هاوپەیمانی رەنج و ئازادی (هەدەپە و پێنج پارتی چەپی تورکیا) 76%
گروپئ پۆلیمار هەروەها ئاماژەی بە دەنگی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتیش کردووە و رایگەیاند، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن زۆرینەی دەنگەکان بەدەست دەهێنێت و سەردەکەوێت.
لەلایەکی دیکەوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە دەرەوەی وڵات و دەروازە سنوریەکان چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئاشکرا کرد.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەکرد کە تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 18 هەزار و 743 کەس دەنگیانداوە و تاوەکو 9ی ئەم مانگەش لە هەندێک وڵات دەنگدانی دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سێ ملیۆن و 400 هەزار هاوڵاتی لە دەرەوەی سنورەکانی تورکیا، مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنیان هەیە.