زووم، رۆیتەرز
بەگوێرەى راپۆرتێکى ئاژانسی رۆیتەرز، بانکى ناوەندى عێراق رازییە بە دانانى داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان لە سیتى بانک لە ئیمارات، بەڵام چوارچێوەى هەماهەنگى شیعەکات رازی نین. کۆمپانیاى سۆمۆش گرێبەستێکى سێ مانگى بۆ کۆمپانیاکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان ناردووە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئەمڕۆ، 4ى ئایار راپۆرتێکى لەبارەى پرسی دەستپێنەکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە، دەڵێت تاوەکو ئێستا کێشەکانی کردنەوەی هەژمارێکی بانکی بۆ داهاتی نەوتی هەرێمى کوردستان بەردەوامن، لەکاتێکدایە دوێنێ، حەیان عەبدولغەنى، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە دوو هەفتەی داهاتوودا هەناردەی نەوتی هەرێم دەستیپێدەکاتەوە.
رۆیتەرز راپۆرتەکەى لەسەر بنەماى زانیارى سێ سەرچاوەى خۆیەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت بانکی ناوەندی عێراقی رازیبووە، سود لە هەژمارێکی حکومەتی هەرێمى کوردستان لە سیتی بانک لە ئیمارات وەربگیرێت بۆ کۆکردنەوەی داهاتی نەوتی سۆمۆ و هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەکان بە رۆیتەرزیان گوتووە، بەڵام سیاسییەکانی بەغداد گومانیان لە هەژمارەکە هەیە، کە شوێنەکەى ناڕەزایەتی هەندێک لە بەرپرسانى چوارچێوەی هەماهەنگی بەدوای خۆیدا هێناوە، کە “هاوپەیمانێتییەکە لەگەڵ ئێراندا لەیەکترەییەوە نزیکن”. رۆیتەرز هەوڵیداوە بۆچوونى سیتی بانک وەربگرێت، بەڵام بانکەکە رەتیکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات.
دوێنێ، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند تاوەکو ئێستا هیچ هەژمارێکی بانکی بۆ داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان نەکراوەتەوە. بەڵام عێراق خەریکە دەگاتە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان، کە لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
سەرچاوەیەکی پیشەسازی نەوت بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە کێشەکانی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمى کوردستان “تەکنیکی نین، بەڵکو سیاسین” لەکاتێکدا پێشتر دەستپێنەکردنەوەى بەهۆکارى تەکنیکى ناوهێندرا.
لەگەڵ ئەوەشدا، دوو سەرچاوەی دیکە بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە هەولێر و بەغداد چەند هەنگاوێکی دیکەیان ناوە وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. لەوانەش، کڕیارانی نەوتی هەرێمى کوردستان گرێبەستی سێ مانگییان لەلایەن سۆمۆوە پێگەیشتووە. بەڵام میکانیزمی چۆنیەتی دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی وەکو ڤیتۆل و پێتراکۆ کە لەسەر هەرێمى کوردستان کەڵەکە بووە، تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە. لەوبارەیەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان رەتیکردووەتەوە هیچ قسەک بۆ رۆیتەرز بکات.
سەرەڕای ئەمانەش، کێشەیەکی دیکە بەرۆکی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانى گرتووە ئەویش رازیبوونی تورکیایە بۆ کردنەوەی بۆرییەکە و هەناردەکردنی لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە.
تورکیا پێشتر داوایکردبوو روبەڕوو لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا دابنیشێت بۆ چارەسەر و یەکلاکردنەوەی دۆسیەیەکى دیکەی داگاکەی پاریس، کە لەبەرژەوەندی تورکیادا یەکلایی کرابووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانى رۆیتەرز، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمى کوردستان بڕی یەک ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەکەى لەماوەی 40 رۆژدا.
لەوبارەیەوە کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئاپیکور) رایگەیاند “لەدەستدانی ئەم سەرچاوە گرنگەی داهات خەریکە زیانێکی بێئەندازە بە ئابوری کوردستان و پیشەسازی نەوت و گاز دەگەیەنێت”.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەندامانی ئاپیکور بریتین لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز، کە بەرژەوەندی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لە گرێبەستی نەوت یان گاز لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.
بەشێک لەو کۆمپانیایانە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە ناچارکراون بەرهەمهێانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم رابگرن.