ساڵانێکى زۆرە لە هەرێمى کوردستان باس لە رێککەوتنى نێوان پزیشکان و دەرمانخانە و تاقیگەکان دەکرێت و بەشێک لە هاوڵاتییان دەڵێن لەلایەن پزیشکانەوە ناچاردەکرێن لە دەرمانخانە و تاقیگەیەکى دیاریکراو دەرمان بکڕن و پشکنین ئەنجامبدەن، تەنانەت بەرپرسانى باڵاى تەندروستیش نکوڵیی لەم رێککەوتنە ناکەن و دەڵێن بەدڵنیاییەوە رێککەوتن لەنێوان پزیشکان و دەرمانخانە و تاقیگەکان هەیە.
زووم جارێکى دیکە ئەم پرسەى وروژاندەوە، لە سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى پرسى وەکو وەزارەتى تەندرستى چییتان کردووە بۆ رێگریی لەم رێککەوتنە کە سەرەنجام بە زیانى نەخۆش کۆتایی دێت.
وەزیرى تەندروستى لە وەڵامى زوومدا گوتى: بەڵێ ئەم پرسیارە زۆر گرنگە، ئێمە هاوڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە ناچارنین لە هەمان دەرمانخانە و تەقیگە دەرمان بکڕن و پشکنین ئەنجامبدەن بەهۆى ئەوەى پزیشکێک یاخود کارمەندێک لێوەى نزیکە، بەڵکو ئازادن لە هەر شوێنێک دەرمان دەکڕن.
د. سامان بەرزنجى گوتیشى دڵنیاتان دەکەینەوە ئەم بابەتە قبوڵ ناکەین و لە وەزارەتى تەندروستى سندوقى سکاڵا و هێڵى گەرم هەیە و لە هەر حاڵەتێکدا هاوڵاتییان توانن پەیوەندى بکەن و سکاڵاى خۆیان تۆماربکەن.
هەر لەبارەى ئەم پرسەوە، سەرەتاى ئەمساڵ سەباح هەورامى بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیی سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاندبوو بەدڵناییەوە رێککەوتن لەنێوان پزیشکان و دەرمانخانەکان هەیە، ئەم رێککەوتنەش لەسەر شانى نەخۆشە. سەباح هەورامى گوتبوویشى تەنات لە 70%ـى ئەو پارانەى پزیشک و دەرمانخانەکان وەریدەگرن “پارەیەکى حەڵاڵ نییە”.
لەبارەى چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە هەر ئەوکات بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیى سلێمانى رایگەیاندبوو کە چارەسەرى ئەم بابەتە زۆر ئاسانە، دەتوانرێت لە رێگەى یەکخستنى نرخى دەرمان و پشکنین لە هەموو دەرمانخانە و تاقیگەکان ئەم کێشەیە چارەسەر و کۆنتڕۆڵبکرێت، ئەوکاتیش رێککەوتنى نێوان پزیشکان و دەرمانخانە و تاقیگەکان، هیچ رۆڵێکى نامێنێت.