وەزارەتی ناوخۆی سڕبیا رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ لە قوتابخانەکەی خۆیدا لە شاری بێلگرەید تەقەی کرد و لە ئەنجامدا هەشت خوێندکار و پاسەوانێکی کوشتووە و مامۆستایەکیشی بریندارکردووە.
باوکی یەکێک لە خوێندکارەکان کە لەوکاتەدا کچەکەی لە پۆلدابووە رایگەیاند، “کچەکەم توانیویەتی رابکات. لەسەرەتادا تەقەکەرەکە ئامانجی مامۆستاکە بووە و تەقەی لەو کردووە. دواتر بەشێوەی هەڕەمەکی دەستڕێژی کردووە.”
دۆخی تەندروستی مامۆستاکە ناجێگیرە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە. لەگەڵ مامۆستاکەشدا شەش خوێندکاری دیکە بە برینداریی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
یەکێک لەو خوێندکارانەی کە رزگاری بووە، رایگەیاندووە، “کە تەقەکەرەکە هاوپۆلێکی تازە بووە و کوڕێکی بێدەنگ بووە.”
تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە و ئێستاش پۆلیسی ئەو وڵاتە بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی پاڵنەری پشت تاوانەکە.
روداوی تەقەکردنی بەکۆمەڵ بەشێوەیەکی گشتی لە وڵاتی سڕبیا کەمە، چونکە یاساکانی دەستخستنی چەک توندن چەندینجار لێبوردنی بۆ ئەو کەسانەی کە چەکیان هەیە دەرکردووە بۆ ئەوەی چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن.
لە دوایین روداودا، لەساڵی 2013دا روداوێکی تەقەکردن لە سڕبیا رویدا و بەهۆیەوە 14 کەس کوژران. لەساڵی 2009دا روداوێکی دیکەی هاوشێوە رویدا و بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران.