رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور رایگەیاند، وڵاتی تورکیا یەکێکە لە وڵاتە مەترسیدارەکان بۆ کاری رۆژنامەنووسی.
ئەمڕۆ 3ى ئایاری 2023، رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەنووسییە، رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور، ئاماری ئەو وڵاتانەی بڵاوکردەوە کە لە رووی کاری رۆژنامەنووسییەوە مەترسیدارن.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، تورکیا لە رووی ئازادی رۆژنامەنووسی، 16 پلە دابەزیوە و ئێستا لە کۆی 180 وڵاتی جیهان لە ریزی 165مین دایە.
رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور دەڵێت، ” 90٪ی میدیا لە تورکیا لەژێر کۆنتتڕۆڵی حکومەتدایە و سیستمی سەرۆکایەتی کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سیستمەکەی جێگیر کرووە، بۆ شارندنەوەی خراپی دۆخی ئابوری و دیموکراسی و بەهێزکردنی بناغەی دەسەڵاتی سیاسی، هێرشی زۆری کردووەتە سەر رۆژنامەنووسان. بەڵام سانسور، فشاری دادگا لەسەر میدیای رەخنەگر نەیتوانیوە بە تەواوی رێگری لە کاری میدیای سەربەخۆ بکات.”
تورکیا لە سەردەمی ئاکەپەدا لە رووی ئازادی رۆژنامەنووسی 67 پلە دابەزیوە
بەر لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ببێتە دەسەڵاتدار، تورکیا لە رووی ئازادی رۆژنامەنووسیەوە لە ریزبەندییەکەدا لە خوار ژمارە 100ەوە بوو، بەڵام دوای ساڵی 2002 وردە وردە، دۆخی میدیا و کاری رۆژنامەنووسی زیاتر تێکچوو کە بەگوێرەی ئامارەکان بەم شێوەیە بووە:
تورکیا لە کۆی 180 وڵاتی جیهان لە رووی ئازادی رۆژنامەنووسیدا لە ساڵی 2002 لە ریزی 99 بووە، بەڵام لە ساڵی 2016 گەیشتووەتە ریزی 151. هەروەها لە ساڵی 2017 لە ریزی 155، 2018 و 2019 گەیشتووەتە ریزی 157، لە 2020 لە ریزی 154 و ساڵی رابردووش لە ریزی 149دا بووە، بەڵام ئەمساڵ کە لە ریزی 165دایە، بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە و بەگوێرەی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور، لە دۆخی خراپەوە بۆ دۆخی مەترسیدار گۆڕاوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 40 رۆژنامەنووس لە زیندانەکانی تورکیادان کە 25 کەسیان کوردن. هەروەها لە ماوەی دوو هەفتەی رابردووشدا، بە دەیان رۆژنامەنووسی نزیک لە پارتی چەپی سەوز دەستگیرکراون، کە تاوکو ئێستا سزاکانیان یەکلایی نەبووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ دیلەک گاپی، سەرۆکی کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی پارێزگای ئیزمیر، بۆ رۆژنامەی جومهوریەتی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ئاماری توندوتیژی ئەمساڵی لە تورکیا بڵاوکردەوە کە لەبەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە کە بەم شێوەیەیە:
- 96 رۆژنامەنووس روبەڕوی ئەشکەنجە و لێدان بوونەتەوە.
- هەڕەشە لە 43 رۆژنامەنووس کراوە.
- 47 رژنامەنووس لە زیندانەکاندان.
- 263 رۆژنامەنووس دادگایی کراون.
- پرۆسەی دادگاییکردنی 90 رۆژنامەنووس بەردەوامە.
- هەوڵی سانسورکردنی چوار هەزار و 148 هەواڵ دراوە.
- 682 هەواڵ بە تەواوی لە سایتەکان سڕاونەتەوە یان بەشیک لە ناوەڕۆکی هەواڵەکان سڕاونەتەوە.
- 58 جار سزای پارە بەسەر رۆژنامەنووسان و میدیاکاندا سەپێندراوە.