“کرێکارانی جیهان یەکبگرن، هیچتان نییە لە دەستی بدەن، کۆتەکانتان نەبێت” ئەمە دروشمە بەناوبانگەکەی کارڵ مارکسی گەورەفەیلەسوفی چەپی جیهانییە، کە دوو سەدە لەمەوبەر لەپێناو رزگاریی بۆ چینی کرێکاراندا گوتوویەتی.
ئەم دروشمەی مارکس شادەماری زۆرینەی رەوتەکانی خەباتی چینایەتی بووە، ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی کرێکارانە و رەنگە ئێستاش پاش دوو سەدە لەو دروشمەی مارکس هێشتا کرێکار هیچی نەبێت لەدەستی بدات تەنها کۆتەکانی دەستی نەبێت.
ساڵانە لە یەکەم رۆژی مانگی ئایاردا، جیهان یادی رۆژی جیهانیی کرێکاران دەکاتەوە، بە گەڕانەوە بۆ مێژووی کارکردن و ناوزەندکردنی چینی کرێکار و جوتیاران دەبێت بگەڕێنەوە بۆ مێژوویەکی دێرینی گەشەکردنی ئابوری لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکاندا، دواتر شانبەشانی گەشەکردنی مێژوویی، تاوەکو نزیک دەبینەوە لە سەدەی نۆزدە و بە تایبەتی گەشەسەندنی بیری مارکسیزم.
کاتێک باس لە چینی کرێکار و خەباتی کرێکاران یاخود ئەرک و مافی خاوەنکار دەکەین راستەوخۆ خەیاڵمان بۆ لای فەلسەفەی ماکسیزم و بزاوتی چەپ دەچێت، کرێکار پایەیەکی گرنگ و سەرەکی ناو فەلسەفەی مارکسە و یەکێکە لەو بیریارانەی بە چەمکەکانی: خەباتی چینایەتی، چینی کرێکار، ئابووریی سیاسی دەناسرێتەوە.
دانانی رۆژێک بۆ دانپیانانی چینی کرێکاران بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی 19، بە دیاریکراویش لە ساڵی ١٨٨٢دا، کۆمەڵگای ئەمریکی بۆ جەختکردنەوە لە ئەرک و مافی کرێکاران و جێگیرکردنی داواکارییەکانیان بە چەند قۆناغێک ئەم رۆژەیان دیاریکرد، کە سەرەتاکەی بۆ ئەندامانی بزووتنەوەی کرێکاران دەگەڕێتەوە، لەو رۆژەدا خۆپیشاندانێکی فراوانیان دەستپێکرد، نیویۆرک کە یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی ئەمریکا لەمەدا پێشەنگ بوو، زیاتر لە 20 هەزار کرێکار بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردبوو.
ئەم بزووتنەوە کرێکارییەی نیویۆرک بووە سەرچاوەی ئیلهام بۆ بزووتنەوە کرێکاریەکانی دیکە لە شارەکانی دیکەی ئەمریکا و تەنانەت سەرانسەری جیهان.
یەکێک لەو سودفانەی کە تاوەکو ئێستاش لە کاتی یادکردنەوەی ئەو چالاکییەدا باسی لێوەدەکرێت، ئەوەیە کە تاوەکو ئێستاش نازانرێت کێ رێکخەری یەکەمی خۆپیشاندانەکان بووە، ناوی رێکخەرەکە ئاشکرایە، بەڵام ئەوەی ناڕوونە ئەوەیە کە لەو کاتەدا دوو کرێکار بەهەمان ناوەوە هەبوو، بۆیە هێشتا یەکلانییە کێ رێکخەر بووە، نازانرێت ئەو کرێکارە کێ بوو کە گەورەترین جوڵەی خستە نێو بزاوتی کرێکارانەوە لە نیویۆرک.
کەلتورێکی دیکە لە رۆژی جیهانیی کرێکاراندا، لەبەرنەکردنی جلی سپییە، چونکە پێیناوایە رەنگی سپی دەلالەت و رەمزی چینی خانەدانەکانی سەرەوە بووە و تەنها ئەوان توانیویانە لەبەری بکەن.
ئەم کەلتورە لە ساڵی 1900ەوە برەوی سەند، کرێکاران دروشمی “نا بۆ سپی لە پاش رۆژی کرێکاران”یان دەگووتەوە.
پاش نزیکەی سەدە و نیوێک لە دروشمەکەی مارکس و خۆپیشاندانەکانی نیویۆرک و کرێکارانی دیکە لە جیهان، ئێستا ئەو سەندیکا و یەکێتییانەی لە جیهاندا داکۆکی لە مافی کرێکاران دەکەن ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی 14 ملیۆن سەندیکا، بەڵام هێشتا پێناچێت ئامانجەکەی مارکس بەدی هاتبێت، چونکە بە ئێستاشەوە سیستەم دۆخێکی خوڵقاندووە نە دەهێڵێت کرێکارانی جیهان یەکبگرن و نە رێگەیان دەدات درک بە کۆتەکانیان بکەن.