بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانەوە پێدەنێتە مانگی حەوتەمەوە، هێشتا هیچ هیوایەک نییە بۆ گەڕانەوەی جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی وزاریی یەکێتی.
لە دوایین دەستپێشخەریدا بۆ گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی، تیمێکی ئەنجومەنی وەزیران سەردانیان کرد، کە پێکهاتبوون لە چەند وەزیرێک لە حزبە جیاوازەکان، وەزیری پارتی و گۆڕانی تێدابوو لەگەڵ وەزیرە تاقانەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کە عەبدوڵڵا حاجی مەمحمود بوو.
بە گوتەی بەرپرسێکی باڵای پارتی سۆسیال دیموکرات، سەردانیکردنی تیمەکەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای قوباد تاڵەبانی لەسەر دەستپێشخەریی وەزیرەکەی ئەوان بووە.
یەکێک لە ئەنجامەکانی سەردانی ئەو تیمە، هێنانەوەی 10 خاڵ بوو لە قوباد تاڵەبانییەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا ناوەرۆکی ئەو 10 خاڵەی قوباد تاڵەبانی ئاشکرانەکراوە، بەڵام مەلا لوقمان ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموکرات لەوبارەیەوە هەندێک روونکردنەوە دەدات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زیاتر لە حەوت مانگە رەخنەکانی لە ئەدای حوکمڕانی هەرێمی کوردستان نەشاردووەتەوە، لەو رووەوە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەوان زوڵم لە سلێمانی دەکەن.
لە تازەترین پەیامی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانیشدا وەکو وەڵامێک بۆ یەکێتی، ئەم تۆمەتە رەتدەکەنەوە، گوتووشیانە ئەگەر زوڵم لە سلێمانی بکرێت ئەوا پارتی سۆسیال دیموکراتیش قبوڵی ناکات. بەرپرسەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانیش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ زووم دان بەوەدا نانێت کە زوڵم لە سلێمانی کرابێت.
بەشێک لە رەخنەکانی یەکێتی لەبارەی زوڵمکردن لە سلێمانی پەیوەندیی بە داهاتی ناوخۆوە هەیە، مەلا لوقمان کە هاوکات نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانە لە ئێران، لە زوومەوە بەمشێوەیە باس لە قاچاخچێتیی سەر سنوور و مەرزەکانی کوردستان دەکات.
تاوەکو ئێستاش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و تیمی وزاریی یەکێتی بڕیاریان لەسەر گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران نەداوە، ئەگەرچی بزووتنەوەی گۆڕان لە نێو تیمەکەی ئەنجومەنی وەزیراندا بۆ لای قوباد تاڵەبانی ئەندامی هەبوو، بەڵام دوێنێ لە کۆبوونەوەی شاندی یەکێتی و گۆڕاندا لە دەباشان، گوتیان پێویستە سیاسەتی جیاکاری نەهێڵدرێ و کۆتایی پێ بهێنرێت.