بڕیاردان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقەوە کەمتر لە 24 کاتژمێری ماوە، زووم بەدواداچوونی کردووە و بەهێزترین ئەگەر دەخاتەڕوو.
سبەی چوارشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوایین بڕیاری خۆی دەدات لەبارەی کەیسی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.
دادگاکە زیاتر لە پێنج مانگە چەندین دانیشتنی لەبارەی دۆسیەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەنجامداوە، گوێی لە هەردوو لایەنی بەرامبەر گرتووە، هەموو جارەکان دانیشتنەکانی دواخستووە، بەڵام ئەمجارەیان بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە دەدات.
پەرلەمانی کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا یاسایەکی دەرکرد و تەمەنی خۆی درێژکردەوە، ئەمە پاشئەوەی بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دواخرا.
ئەم درێژکردنەوەیە ناڕەزایی و کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، سەرەنجام جوڵانەوەی نەوەی نوێ و چەند کەسایەتییەکی دیکە لەنێویاندا د. یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پەنایان بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی برد و سکاڵایان تۆمارکرد. سکاڵاکارەکان پێیانوابوو درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نا-دەستوورییە.
لەوکاتەوەی دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی وەرگرتووە، شەش دانیشتنی ئەنجامداوە، هەر شەش جارەکە دانیشتنەکەی دواخستووە، دوایینجار رایگەیاند لە سێی ئایاردا کە دەکاتە سبەی “چوارشەممە” بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە دەدات.
زووم بەدواداچوونی بۆ دۆسیەکە کردووە، لەگەڵ ئەو لایەنانە قسەی کرد کە سکاڵایان تۆمارکردووە، سەرەنجام بۆی دەرکەوتووە ئەگەری بەهێز ئەوەیە دادگای فیدراڵی “درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان” بە نا-دەستووریی دابنێت.
ئەگەر ئەمە رووبدات و هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ببێت، ئەوا دەکەوێتە نێو قەیرانێکی دیکەوە.
یەکێک لەو گرفتە گەورانەی دێتە بەردەم پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە، کە بە گوێرەی مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێم دەبێت لە 18ی 11ی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و یاسای هەڵبژاردن هەیە، بەڵام ئەگەر ئەم درێژکردنەوەیەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە نا-دەستووریی دابنرێت، ئەوا پەرلەمان ناتوانێت ئەو دوو ئەرکە جێبەجێبکات، بەمەش بۆشاییەکی یاسایی دروستدەبێت، کە دەرچوون لێی قورس دەبێت.
ئەگەر درێژکردنەوەی پەرلەمان بە نا-دەستووریی دابنرێت و هەرێم پابەند بێت پێوەی، ئەوا یەکێک لە ئەگەرەکان بریتی دەبێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بە گوێرەی یاسا کۆنەکەی کە هەڵبژاردنەکانی 2018ی پێ ئەنجامدرا، هەروەها لەژێر سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیشدا دەکرێت.
پشت بەستن بە یاسا کۆنەکەش لە بەرژەوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەبێت، چونکە ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نایەوێت بەبێ هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن بچێتە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.