وەلید عومەر
ئەمڕۆ دیاردە خێرا و نوێیەکان، کاریگەریی جیاجیا لەسەر کەلتورە جیاجیاکان دادەنێن. کاریگەرییەکە هەمیشە ڕاستەوڕاست نیە، بەڵکو دەکرێت ڕێچکەى پێچاوپێچ بگرێتەبەر. کەلتور خۆى پێوەرى تایبەت بە خۆى درووستدەکات و بەسەر ئەو دیاردانەشدا دەیسەپێنێت کە ڕووى تێدەکات. بۆ نمونە، دیاردەیەکى گەردوونى و مرۆیی وەک نیهیلیزم کە باڵى بەسەر ژیانى ئەمڕۆدا کێشاوە، بۆ هەر کەلتورێک «تاڕادەیەک» سیمایەکى جیاوازى هەیە. دەشێت بۆ کەلتورێک جۆرێک لە چێژگەرایی جڵەوبڕ درووستبکات و بۆ کەلتورێکى تریش دۆخى شەڕەنگێزى یان ڕق تۆختربکاتەوە. زانستیش، کە دیسان دیاردەیەکى مرۆیی و گەردوونییە، بۆ هەر کەلتورێک کاریگەریی تایبەت بە خۆى درووستدەکات و دەشێت کرژبوون یان کرانەوە یان نمایشێکى هاوبەش لەنێوان ئەو دووانەدا بخوڵقێنێت.
نیهیلیزم کە باڵى بەسەر ژیانى ئەمڕۆدا کێشاوە، بۆ هەر کەلتورێک «تاڕادەیەک» سیمایەکى جیاوازى هەیە. دەشێت بۆ کەلتورێک جۆرێک لە چێژگەرایی جڵەوبڕ درووستبکات و بۆ کەلتورێکى تریش دۆخى شەڕەنگێزى یان ڕق تۆختربکاتەوە
گەر لە فشارى زانست لەسەر کەلتورەکان وردبینەوە، تێدەگەین لە هەندێ شوێندا دەستکاریی کرۆکى دیاردەیەکى کەلتورى ناکات گەر کەلتورەکە خۆى ئامادەیی تیا نەبێت. لە سەردەمى گەشەى خێراى زانستدا، کەلتورەکان بە هەمان خێرایی ناجووڵێن، چونکە کەلتور بەپێى زەمەنێکى درێژ و خاو درووستبووە. ئەم چەند ساڵە باسى دیاردەیەکى کەلتوریی وەک «پەردەى کچێنى» دەکرێت و ڕاستەوخۆش دەبەسترێت بە پرسى زانستەوە، لەناو زانستیشدا پرسى پزیشکى. باسەکان لەڕواڵەتدا دەستبردنە بۆ پرسێکى کەلتوریی هەستیار، بەڵام ئاشکرایە دەستبردنێکى ڕیشەیی نیە و پێچلێدانێکى پێشوەختەیە بەدەوریدا. پسپۆڕان و پزیشکان کاتێک لە میدیاکانەوە باسەکە دەکەنەوە و دەیانەوێت داکۆکى لە فڵان ژن بکەن، هێشتاش داکۆکییەکى سەرەتاییە لە مانەوە و ژیانى ژنەکە نەک زیاتر. دیارە ئەم داکۆکییە، نرخى تایبەتى خۆى هەیە و ژیانى کەسێک لە کەلتورێکى دڕدا ڕزگاردەکات، بەڵام دەشێت سەرنج لەسەر ڕیشەییبوونى دیاردەکەش لاببات. ڕیشەییبوون بەو مانایەى کە زۆرێک لە کەلتورەکانى دونیا، چ لە ئەنجامى بڕینى قۆناغێکى ڕۆشنگەرانەوە بێت و چ لە ئەنجامى کاریگەریی زانستەوە، بەشبەحاڵى خۆیان پرسى ئاڵوگۆڕى سێکسییان چارەسەرکردووە.
ئەم چەند ساڵە باسى دیاردەیەکى کەلتوریی وەک «پەردەى کچێنى» دەکرێت و ڕاستەوخۆش دەبەسترێت بە پرسى زانستەوە، لەناو زانستیشدا پرسى پزیشکى. باسەکان لەڕواڵەتدا دەستبردنە بۆ پرسێکى کەلتوریی هەستیار، بەڵام ئاشکرایە دەستبردنێکى ڕیشەیی نیە و پێچلێدانێکى پێشوەختەیە بەدەوریدا
دەشێت هەر پانتاییەک بەسترابێت بە “دال”ێکى ڕەقهەڵاتووى سەرکوتکراو کە کۆى کێشەکانى پانتاییەکەى لەخۆیدا چڕکردبێتەوە: دەشێت لاى ئێمە لە سیاسەتدا حیزبایەتى بێت، لە دیندا لەچک و باڵاپۆشى بێت، لە پرسى ژندا “پەردەى کچێنى” بێت. ئەمانە کۆتا سنورى ئەو پانتاییانەن لاى ئێمە کە وادەردەکەون سازش هەڵناگرن: ئەو بنبەستانە، سەرەتاى ئیمکانى تریشن گەر بێتو بشکێنرێن. ناوەناوە ئەو باسە سەرهەڵدەداتەوە کە ئاخۆ پەردەى کچێنى، ئەسڵێکى زانستیی هەیە؟ بەڵام وەڵامى ڕاستەوخۆ و بێ دوودڵى هەر ئەوەیە کە بڵێین، باسى پەردەى کچێنى لاى ئێمە هێشتا لەپێناو کرانەوەى سێکسیدا نیە، بەڵکو قسە لەسەر خودى پەردەکەیە، خودى ئەو پارچە بێکەڵکەى کە زانست پشتڕاستی ناکاتەوە.
پەردەى کچێنى لاى ئێمە هێشتا لەپێناو کرانەوەى سێکسیدا نیە، بەڵکو قسە لەسەر خودى پەردەکەیە، خودى ئەو پارچە بێکەڵکەى کە زانست پشتڕاستی ناکاتەوە
باسەکە، گشتى و بێلایەنانە دەخرێتەڕوو کە هەردەڵێى پرسێکى تەندرووستیی ڕووتە. بۆیە فیگەرێکى دینى و مەلایەکیش دەتوانێت بەشدارییەکى ئاسایی ئەو باسانە بکات. دیارە لە هەنگاوى یەکەمدا، زانست بۆ ڕۆشنکردنەوەى پووچیى دیاردەکە زۆر گرنگە. بەڵام لێرەدا زانست یەکسەر بەشێوەى ڕاستەوخۆ و ڕاستەوانە سەرناکێشێت بۆ گۆڕانى کەلتورى، بۆ ئەوەى کە نەمانى پەردە سەربکێشێت بۆ کرانەوەى سێکسى. پەردە سەرەتا ئۆبێکتێکى زانستییە، پزیشک و بایۆلۆژیا و فرمانناسیى جەستە قسەى تیا دەکات، بەڵام پێویستە بشپەڕینەوە بۆ پەردە وەک پرسێکى کەلتورى. دەشێت لە جێیەکدا بزانین پەردە بێکەڵکە، بەڵام هێشتا نرخە کەلتورییەکەى وەک خۆى مابێت. زانست لەناو مۆدێرنەدا، دەتوانێت دیوە خورافییەکانى کەلتور بسڕێتەوە، بەڵام دەبێت خۆت خاوەنى ئەم عەقڵە زانستییە بیت. هەرچۆنێک بێت، زانست ڕێگەیەکى گرنگ و ناچارییە. بۆیە ئەمە دەڵێین، هێشتا ڕەخنە و شیتەڵکردنى پەردە بۆ ئەو حاڵەتانە بەکاردێت کە نۆرماڵن، کچێک خۆى پەردەى نیە و تۆمەتى «دڕین»ـى دراوەتەپاڵ. بەڵام گۆڕینى دید بۆ پەردە، لەوێوە دەستپێدەکات کە کۆمەڵێک بەهاش لەگەڵ خۆیدا بگۆڕێت، تێڕوانین بۆ لەش و ئەزموونکردنى سێکس بگۆڕێت. گەر ئەمە ڕوونەدات، زانست لە چوارچێوەى کۆمەڵێک بەهاى کۆندا دەمێنێتەوە و ئەو سنورانە نابەزێنێت. لەلایەکى ترەوە، ئاشکرایە پەردە ئۆرگان نیە، یەکسان نیە بە لووت، گوێ، یان هەر ئۆرگانێکى تر؛ پەردە سیمبوڵە، دەبێت دەستکاریی ئەو نرخانە بکرێت کە لەو سیمبوڵە ئاڵاوە. ئێمە کاتێک دەتوانین بڵێین پەردە چەشنى گوێ و لووت و هتد وایە کە پەردەمان لە ڕاز و تەمومژ و نرخە سیمبوڵییەکان پاککردبێتەوە. ئەو مانا نەرێنییەمان لێ داماڵیبێت کە هەڵیگرتووە. ئەمە ڕاستییەکە سەرەتا پێویستى بە دانپیانانە.
هێشتا ڕەخنە و شیتەڵکردنى پەردە بۆ ئەو حاڵەتانە بەکاردێت کە نۆرماڵن، کچێک خۆى پەردەى نیە و تۆمەتى «دڕین»ـى دراوەتەپاڵ
لە ئاستێکى فراوانتردا، ئایدۆلۆژیا ڕۆشنگەرە جیهانییەکان کە ڕوودەکەنە کەلتورە جیاجیاکان، دیسان پێچ و پێکدادانى تایبەت بە خۆیان درووستدەکەن. بۆ نمونە، فیمینیزم، بۆ هەر کەلتورێک چارەنووس و هەڵبەزودابەزى تایبەت بە خۆى هەیە. بەدیاریکراوى، ئەرکەکانى فیمینیزم بەپێى ئەم کەلتورە جیایە لە کەلتورێکى تر. ڕێگرى لە کوشتنى ژن، لە کەلتورێکى خۆرئاواییدا ئەرکى یەکەم و کۆتایی فیمینیزم نیە، چونکە لە دۆخە گشتییەکەى مرۆڤەوە پەڕیونەتەوە بۆ بیرکردنەوەى وردتر لەسەر ژن. بەڵام لاى ئێمە هێشتا ئەرکەکە بەراییترە. بۆ نمونە، وەستانەوە بە ڕووى کوشتنى ژندا، ئەلفوبێى ئەو خەباتەیە کە لە دۆخى گشتیی مرۆڤەوە، لە دۆخى پێش پرسى ژنەوە بچینە ناو “پرسى ژن”ـەوە. هەتا ژنە ناودارەکانى سەدەى پێشووى ئێمە، لە عادیلەخانى جافەوە بۆ حەپسەخانى نەقیب و هتد، کۆمەڵێک “ناو” یان «فیگەرى پێشمۆدێرن یان پێشفیمینیستى» بوون تا لەپاڵ زۆر هەوڵى تردا زەمینەیەک بۆ درووستبوونى پرسى ژن بڕەخسێت کە نەڕەخساوە. ڕێگرتن لە کوشتنى ژن، بەشێکە لە پرسى مانەوەى مرۆڤێک کە ئەولەوییەتە، بەڵام هەنگاوەکانى چوونە ناو “پرسى ژن”ـەوە هێجگار ئاڵۆزترن.
ژنە ناودارەکانى سەدەى پێشووى ئێمە، لە عادیلەخانى جافەوە بۆ حەپسەخانى نەقیب و هتد، کۆمەڵێک “ناو” یان «فیگەرى پێشمۆدێرن یان پێشفیمینیستى» بوون تا لەپاڵ زۆر هەوڵى تردا زەمینەیەک بۆ درووستبوونى پرسى ژن بڕەخسێت کە نەڕەخساوە
ئەو ناوانە و هەموو هەوڵەکان تا ئێستا، لەپێناو درووستبوونى پرسێکدایە بەناوى “پرسى ژن” کە وردەکاریی ناوەکیی خۆى هەیە وەک پرسێک و لە ژنکوشتندا نامێنێتەوە. سەرەنجام، گەڕانەوە بۆ عادیلەخان و حەپسەخان، لەئێستادا وەک جۆرێک کۆنەپارێزى و ترسیش دەکەوێتەوە لە گۆڕان. ئەمڕۆ ژن و پیاوى کورد، بەر زۆرترین وێنەى سێکسى دەکەون، پێویستیان بە جۆرێک لە ڕیفۆرمى جنسییە لە کۆمەڵگاکەدا بۆیە ئێمە لە مێژوودا نمونەیەک نادۆزینەوە چاوى لێ بکەین. ئەم ناوانەش، هێشتا لە بارگە لۆکاڵى و ناوچەییەکەیان نەپەڕیونەتەوە بۆ هۆشیارییەکى گشتییتر. بۆیە فیمینیزم ئەرکێکى قورسى هەیە لاى ئێمە کە دەبێت “وردەکەلتور” بگۆڕێت بۆ کەلتورێکى گەشەکردووى گەورەتر. هەر دەڤەر و ناوچەیەک کەلتورێکى هەیە لاى ئێمە و ئاگاییەکەى لەو شوێنکاتەدا دەوەستێت.
ئەمڕۆ ژن و پیاوى کورد، بەر زۆرترین وێنەى سێکسى دەکەون، پێویستیان بە جۆرێک لە ڕیفۆرمى جنسییە لە کۆمەڵگاکەدا بۆیە ئێمە لە مێژوودا نمونەیەک نادۆزینەوە چاوى لێ بکەین
لە هیومانیزمى مۆدێرندا، سەرەتا مرۆڤ بە ژن و پیاوەوە دەخرێنە بەرباس: دواتر لەژێر کاریگەریی شەپۆلە فیمینیستییەکاندا، لێک جیادەکرێنەوە و پرسى جێندەر لەدایکدەبێت. بۆ نمونە، ژن وەک ژن دەبێتە بەشێک لە هۆشیاریی دونیاى نوێ. بەڵام ئێمە هێشتاش کێشەى «مرۆڤ»مان هەیە بە پلەى یەکەم. مرۆڤ، هەریەکە لە ژن و پیاو و منداڵیش دەگرێتەوە. بگرە کێشەکە لەسەرووى ئەو سیانەوەیە و پێش هەموو شت پێویستمان بە پێناسەکردنەوەى مرۆڤە وەک «مرۆڤ»، وەک پێدراوێکى مۆدێرن کە هۆشى هەیە و خۆى دەناسێت و ئەرک و مافەکانیشى هەر دەناسێت؛ ئەو کۆپەیوەندییە سیاسى و کۆمەڵایەتى و مرۆییەش هەر دەناسێت کە تێیدا دەژى. بەڵام ئەمە وا ناکات، لەلاوە نەتوانین قسە لەسەر کێشەیەکى وەک «کێشەى ژن» بکەین. کێشەکە ڕەاویەتیی خۆى هەیە، بەڵام هێشتاش لەناو کۆمەڵێک کێشەى تردا دەتوانێت هەقى تیۆریی خۆى وەربگرێت. دەکرێت لە کۆدا، ئایدۆلۆژیا ڕۆشنگەرەکان، زانست، هیومانیزم، جێندەر لەو پرسەدا یەکتر ببڕن کە لە کۆمەڵگاى ئێمەدا پرسێکى ڕەها و ڕەقهەڵاتووە: ئەخلاق.
ژن وەک ژن دەبێتە بەشێک لە هۆشیاریی دونیاى نوێ. بەڵام ئێمە هێشتاش کێشەى «مرۆڤ»مان هەیە بە پلەى یەکەم. مرۆڤ، هەریەکە لە ژن و پیاو و منداڵیش دەگرێتەوە
دیاردە جیهانییەکان دێن و دەبینرێن و دەبیسترێن، بەڵام ئاخۆ چەندە خۆماڵییانە ئەزمووندەکرێن؟ ئەمە دیسان هەمان باسوخواسە کە چۆن هەر کەلتورێک پشکى خۆى لەو دیاردانە وەردەگرێت و بەشێکیشى ڕەتدەکاتەوە. پێدەچێت کەلتورى ئێمە ئێستا لەڕێگەى فەزاى مەجازییەوە شتەکان بە چاو وەربگرێت، بەڵام نەتوانێت لە ژیانى ڕۆژانەدا ناونشینى بکاتەوە و پیادەى بکات. بەشێک لەم شەڕەنگێزى و وێرانکارییە کەلتورییەش هەر لەو فەزا دڕ و شەفافەوە دەکەوێتەوە کە شت دەبینێت بەڵام ناتوانێت ئەزموونى بکات. لەناویشیاندا، دیاردە ئەخلاقییەکان ئەم مرۆڤەیان ماندووکردووە. ئەو لە جیهانە کەلتورییەکەى خۆیدا دەژى وەک لەوەى لەو جیهانەدا بژى کە دیاردەکەى لێوە دێت. ئەم ڕاستییە سادەیە، زۆرجار لەبیردەکرێت و باجەکە بە شێوەى تر دەدرێت. بە کورتییەکەى، ئەخلاق کۆمەڵێک یاساى بونیادییە و لە کەلتورێکى تایبەتدا تێیدا دەژیت. ئیدى ئەوەى لە هەر چوارلاى جیهانەوە بە دیاردەى تر بۆردوومان دەکرێیت، وەڵامەکە لەم بونیادە کەلتورییەى خۆتدایە.
بەشێک لەم شەڕەنگێزى و وێرانکارییە کەلتورییەش هەر لەو فەزا دڕ و شەفافەوە دەکەوێتەوە کە شت دەبینێت بەڵام ناتوانێت ئەزموونى بکات
ئێمە لە ئەخلاقدا وەڵام بە بونیادى ئەخلاق دەدەینەوە، ئەخلاق لەناو بونیاددا، ئەخلاق خۆى وەک بونیاد. مرۆڤ خۆى لە ژیانى ڕۆژانەى ناو کەلتوردا، ڕیزێک ڕەگەز و نۆرم دووبارەدەکاتەوە کە ڕۆتینیین بەڵام بۆ ئەوەى ڕۆتینى دەرنەکەون ئەوا لەڕێى دووبارەبوونەوەوە جۆرێک لە چێژ و مانا و هتد جێدەهێڵن و پەیوەندیی وى بە ژیانەوە ڕادەگرن. ئەخلاق بۆیە بونیادە (با ئەم بونیادە لادان و دەرچوونیشى تیا بێت)، چونکە ڕێساکانى خۆى بەزەقى دووبارەدەکاتەوە و ڕادەگرێت. کۆمەڵێک ڕێساى شاراوە لەپشت ڕەفتارە زۆروبۆرەکانەوە کە وادەزانین هەمەڕەنگن بەڵام یەکڕەنگن. ئەم ڕێسایانە دەبنە نەست، نەستێکى گشتى، نەستێکى تایبەت بە کەلتورى خۆت. بەو پێیەش کە نەست بونیادە، ئیدى ئەخلاق بونیادە. ژنێکى کورد ڕۆژانە وەڵام بە بونیادێک دەداتەوە کە دەشێت نێرانە بێت و بانگەشەى ئەوەشى هەبێت مێیانەیە. ئەو رەفتارى خۆى بەرمەبناى بونیادێکى پیاوانە ڕێکدەخات و لەنێوان ئەو و پیاوێکدا بونیادێکى پیاوانەش هەیە. با پیاوێک کۆمەڵێک جووڵە تایبەتیش لەبەردەم ئەو ژنەدا بنوێنێت، بەڵام ئەوە بونیادە کە بەر لە پیاوەکەش دەدوێت. لە سەردەمێکدا کە خۆى زۆر زانستى دەنوێنێت، ئەزموون دەریخستووە کە بونیادى ئەخلاقیى کۆمەڵگاکان، دەتوانێت زانستیش لەگەڵ خۆیدا بگونجێنێت.