زووم، رۆژنامەى گاردیان
بەگوێرەى راپۆرتێکی رۆژنامەى گاردیانی بەریتانی، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە پلانیدایە بۆ بەکارهێنانی 10 کەشتیی وەک شوێنی حەوانەوەی ئەو کۆچبەرانەی روو لە وڵاتەکەی دەکەن، ئەمەش لە رێگەی لەنگەرگرتنی ئەو کەشتیانەوە دەبێت لە بەندەرەکانی وڵاتەکە.
ئەم هەنگاوە نوێییەی بەریتانیا لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی وڵاتەکە پێیان راگەیەندراوە دەستیان کراوە بێت بۆ پەنابردنە بەر هەر بژاردەیەک بۆ دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە تازە گەیشتوونەتە وڵاتەکە و دوای مافی پەنابەریی دەکەن.
بەهۆی زۆری ژمارەی کۆچبەرانەوە، تەنانەت لە ئێستادا داوا کراوە کۆچبەران بخرێنە نێو کامپە سەربازییەکانی پێشووی وڵاتەکە، باڵەخانەی زیندانەکان. لە کاتێکدا لەو کاتەوەی کە ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی پاککردنەوەی وڵاتەکەیدا لە کۆچبەران لە کۆتایی ساڵی رابردوو، ژمارەی کەڵەکەبوونی دۆسیەى 1500 کۆچبەر زیادیکردووە.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى گاردیان، کۆمپانیایەکی دەریاوانی خەریکی لێکۆڵینەوەیەکە بۆ ئەوەی کۆچبەران لە سەر ئەو تاوەرانە جێگیر بکرێن کە لە دەریاکاندا بۆ دەرهێنانی نەوت بەکاردەهێنرێن و لە ئێستادا سودیان لێنابینرێت. بەڵام لەلایەن چەند وەزیرێکەوە ئەم بیرۆکەیە بەهۆی کێشەی لۆجیستی و سەلامەتیی رەتکراوەتەوە.
دوای ئەوەی وەزیرەکانی حکومەتی بەریتانیا پشتڕاستیان کردەوە کە پلان هەیە وڵاتەکە 400 پەنابەر لە کەشتییەکی نەوتیی گەورەی لەکارکەوتوو لە کاناراوەکانی باشوری وڵاتەکە جێگیر بکات، دەرکەوت حکومەت دەیەوێت 10 کەشتی گەورە بکڕێت بۆ نیشتەجێکردنی پەنابەری زیاتر لە کەناراوەکاندا.
چاوەڕێ دەکرێت یەکەم کاروانی کۆچبەران لە سەرەتای مانگی حوزەیران بخرێنە نێو کەشتیەکە، کە سەرجەمیان ئەوانەن کە هاوسەرگرییان نەکردووە.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی بەریتانیا بە گاردیانی راگەیاندووە سوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رێککەوتنێکی پەسەندکردووە کە تایبەتە بە کڕینی کەشتییەکی 1800 کەسیی بۆ نیشتەجێکردنی کۆچبەران لە بەندەرێکی شاری لیڤەرپول.
چەند سەرچاوەیەکی دیکە بە گاردیانیان راگەیاندووە بەرپرسانی وڵاتەکە داوایان لێکراوە شوێنی حەوانەوەی 10 هەزار کۆچبەر لەمساڵدا ئامادەبکرێت. بەڵام بەگوێرەى بەدواداچوونەکانی ماڵپەڕەکە، لەمساڵدا تەنها شوێنی 5400 کەس ئامادە دەبێت. ئەو ژمارەیەش دابەش دەبێت بەسەر کەشتی، زیندانیی و باڵەخانە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی وڵاتەکە هۆشدارییان داوە کە نیشتەجێکردنی کۆچبەران لەسەر کەشتیی لە کەناری دەریاکان، تێچوویەکی زۆرتری دەبێت بە بەراورد بە هۆتێلەکان، کە پێشبینیکراوە رۆژانە 7 ملیۆن پاوەن خەرجیی بێت.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ژمارەی ئەو دۆسیانەی کە لەسەر وەزارەتەکە بۆ داواکاری مافی پەنابەریی کەڵەکەبوون زیاتر لە 138 هەزار کەیسە. تەنها لە چوار مانگی رابردوودا ژمارەی کۆچبەران لەو وڵاتەدا 12 هەزار کەس زیادیکردووە.
پرسی زیادکرنی ژمارەی کۆچبەران لەو وڵاتەدا پرسێکی هەنوکەیی جدییە و بەردەوام حکومەتی ئەو وڵاتە لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەکدایە، لەوانەش رەوانەکردنی کۆچبەران بۆ رواندا، بەڵام تاوەکو ئێستاش هیچ کۆچبەرێک بۆ ئەو وڵاتە رەوانە نەکراوە.