بیست ساڵ لەمەوبەر و لەم رۆژەدا، جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنە جەنگییەکانی سوپای وڵاتەکەی لە عێراقدا راگەیاند، کە ئەوکات شەش هەفتە پێشتر عێراقى “داگیرکرد” بوو.
ئەوکاتەی زرێپۆشەکانی ئەمریکا لەنێو شارەکانی عێراقدا دەسوڕانەوە، میدیا جیهانییەکان بەردەوام دیمەنێکیان دووبارە دەهێنایە سەر شاشەکانیان و نیشانی جیهانیان دەدایەوە، دیمەنێک کە روخاندنی پەیکەری سەدام حسێن، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراقی لە 9ی مانگی نیسانی ساڵی 2003دا نیشاندەدا.
لەگەڵ ئەوەی دیمەنەکە وەک سیمبولێک وابوو بۆ کۆتاییهێنان بە حوکمی 35 ساڵەی حکومەتى بەعس و ئازادکردنی عێراق لە دەستی سەدام، بەڵام ئاماژەیەک نەبوو بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی گەورەی دگیرکاریی ئەمریکا لەو وڵاتەدا، بەڵکو پێشینەیەک بوو بۆ یاخیبوونێکی دورودرێژ و خوێناوی و راپەڕینێکی چەکداریی تێیدا.
“داگیرکاریی” ئەمریکا، کە هەشت ساڵی خایاند، ناسەقامگیریی ناوچەیی بەدوای خۆیدا هێنا و سەدان هەزار عێراقی بەهۆیەوە کوژران، بەشێوەیەک کەس ژمارەی وردی کوژراوانی لەبەردەستدا نییە.
حکومەتی روسیاش، هەر وەک ئەمریکا، پێشبینیدەکرد “داگیرکارییەکە”ـی بۆ سەر ئۆکراین، کە لە شوباتی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، بەشێوەیەکی خێرا و یەکلاکەرەوە سەردەکەوێت.
روسیا وا خەیاڵی کردبوو، لە چەند رۆژێکی کەمدا بەسەر ئۆکرایندا سەردەکەون و لە چەند ریزێکی سەربازیدا مانۆڕ بەنێو خاکی وڵاتەکەدا دەکەن، بێئاگا لەوەی سوپاکەی دەبێت بە ئامانجی هێرشی بەرگریی ئەو موشەکانەی ئەمریکا و وڵاتانى دیکەى رۆژئاوا بۆ ئۆکراین دابینیکردوون.
ئێستا هەڵە و “تاوانەکان”ـی ڤلادێمیر پوتینی سەرۆکی روسیا لە چیدا لەوانەی بوش دەچێت کە 20 ساڵ لەمەوبەر لە عێراقدا ئەنجامیدان و لە چیشدا جیاوازن؟
سەرەڕای ئەوەی زۆر لەیەکچوون لەنێوانیاندا هەیە، هەر لەو بیانوو هەڵانەی کە هەردوولا بۆ داگیرکارییەکانیان هێنایانەوە تاوەکو بەکارهێنانی هێزی سەربازیی گرێبەست لە جەنگەکانیاندا، جیاوازیی گەورەش لەنێوانیاندا بوونی هەیە. لەوانەش، ئەو هاندەرانەی بوونە هۆکاری داگیرکردنی هەردوو وڵات و بەهێزیی ئەمریکا لە شەڕی عێراق و لاوازی روسیا لە شەڕی ئۆکرایندا.
بەگوێرەی پرۆفیسۆر ئیبراهیم ماراشی، شارەزا لە مێژووی عێراق لە زانکۆی کالیفۆرنیا، هەردوو شەڕی ئۆکراین و ئەمریکا بە لوتبەرزییەکی بێسنور دەستیانپێکرد، کە ئەمە یەکێکە لەو لەیەکچوونە گرنگانەی کە هەردوو زلهێز بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
هەردوو وڵات پێیانوابوو کە زۆر بە ئاسانی دەتوانن حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە دەگۆڕن و حکومەتێک دەهێننە سەر دەسەڵات کە دۆستی خۆیانبێت و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەواندا دەبن.
ماراشی دەڵێت هەردوو وڵات پێیانوابوو هاوڵاتییانی عێراق و ئۆکراین پێشوازیی لە هاتنی سوپاکانیان دەکەن و وەک فریادڕەسی خۆیان سەیریان دەکەن، بەڵام هەردووکیان بەهەڵە لەبارەی خەڵکی ئەو دوو وڵاتەوە تێگەیشتبوون. هەربۆیە لە هەردوو وڵات ئەنجامەکان هەمان شت بوون، بەرخۆدانی نیشتیمانی لەسەرانسەری هەردوو وڵاتدا بەرپەرچی هێرشی هەردوو سوپایان دایەوە.
سەبارەت بە جیاوازییەکانیش، شارەزایان دەڵێن بەهۆی ئەوەی لە روسیا دەسەڵات تەنها لە یەک پیاودا کۆبووەتەوە، شەڕی روسیا شەڕی پوتینە و شەڕەکە نەخشاندنە ئیمراتۆرییە “دڕندانەکان”ـی پوتین بەرجەستە دەکات.
جەیک ماکگلاین، لێکۆڵەر لە بەشی لێکۆڵینەوەی جەنگی زانکۆی پاشا لە لەندەن، دەڵێت شەڕی ئۆکراین لە بنەڕەتدا شەڕی شوناس و چەمکەکانی نەتەوەی روسیایە. پوتین پێی وایە راگری روسیایە و شوناسی روسیایەکی دوای یەکێتی سۆڤیەتی بە وڵاتەکەی بەخشیوە، کە لە بیرۆکەی روسیای گەورەوە سەرچاوە دەگرێت.
بەڵام ئامانجی ئەمریکا، وەک زلهێزێکی جیهان، جیاوازبوو. ئەمریکا لە خەیاڵی خۆیدا داوای ئەوەی دەکرد کە دووبارە جیهان دابڕێژیتەوە. ئەوکاتەی جۆرج بوش گەیشتە دەسەڵات، زیاتر جەختی لە کاروباری ناوخۆیی دەکردەوە نەک دەرەکی. بەڵام بەهۆی هێرشەکانی 11ی سێپتیمبەرەوە ئەم سیاسەتە گۆڕا و وای لە ئەمریکا کرد باوەڕ بەوە بهێنێت کاروبارەکانی واشنتن لە عێراقدا کۆتاییان نایەت.
جیاوازییەکی دیکە زیانەکانی هەردوو شەڕەکەیە، لە شەڕی عێراقدا، هاوڵاتییانی ئەمریکا روبەڕووی هیچ سەختییەکی ئابوری و دارایی نەبوونەوە. بەڵام ئێستا دۆخەکە بۆ روسیا جیاوازە. بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی سەرەکی وڵاتەکە پشتی بە هەناردەکردنی هایدرۆکاربۆنەکان بەستووە، لە ئەنجامی شەڕەکەدا روسیا لەو رووەوە زیانی زۆری پێگەیشتووە، بەوپێیەی وڵاتانی رۆژئاوا چیتر بۆ دابینکردنی سوتەمەنی و وزە پشت بە روسیا نابەستن.
شەڕی ئۆکراین بووەتە هۆی ناسەقامگیری لە تەواوی جیهاندا، بەڵام شەڕی عێراق بە تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووە هۆی ناسەقامگیریی. سەرەڕای ئەوەش شەڕی ئۆکراین کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر ئابوریی جیهانیی و سزاکانی سەر روسیا بوونەتە هۆی ناجێگیرییەکی بەرچاو لە خستنەرووی وزەی جیهانییدا.
لە ئێستادا، جیهان لە دۆخێکی زۆر مەترسیدارتردایە وەک لە دوو دەیە لەمەوبەر. زلهێزێکی جیهان کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە لە شەڕدایە و خەریکە وڵاتانی زلهێزی ناتۆ پەلکێشی نێو شەڕەکە دەکات، بەشێوەیەک کە وڵاتە زلهێزەکانی جیهانیش ناتوانن واقیعێکی بەدیلی ئەم دۆخە دروستبکەن.