زووم، بی بی سی
بەندەری بۆرتسودان بە خێرایی گۆڕاوە بۆ بەندەری سەرەکی رزگارکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی دوور لە پێکدادانەکانی وڵاتەکە، هەروەها بووەتە بەندەری سەرەکی گەیاندنی هاوکاریەکان بە سودان لە کاتی قەیرانی ئێستادا.
پێکدادانەکانی سودان بووە بە جەنگێکی تەواو سەرەڕای رێککەوتنەکان و ئاگربەستە راگەیەندراوەکان، ململانێی ئەمجارە لەسەر دەسەڵاتە لەنێوان سوپای سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح بورهان و فەرماندەی هێزەکانی پشتیوای خێرا بە سەرۆکایەتی حمێدتی.
لیزا دوسێت لێپرسراوی پەیامنێرە نێودەوڵەتیەکانی بی بی سی، چووە نێو دوایین ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی هاوڵاتیان لە بەندەرە سودانیەکەوە بە ئاراستەی بەندەری جدەی سعودی.
لە تاریکی شەودا کەشتی جەنگی سعودیە لە رێی دەریای سورەوە بەرەو کەناراوەکانی سودان بەرێکەوت، لەوکاتەدا ئەفسەرە سعودیەکان روناکیەکانیان دەجوڵاند بۆ دڵنایی رێڕەوی کەشتیەکە و چوونە نێو بەندەری بۆرتسودان.
تاوەکو کاتژمێر 2:00 بەرەبەیان، دوو کەشتی دیکە لە دەروازەی بەندەرەکە چاوەڕێ بوون بۆ رێگەپێدان و چوونە ناوەوە بۆ رزگارکردن و گواستنەوەی هاوڵاتیان.
دوای 10 کاتژمێر کەشتیە جەنگیە سعودیەکە گەیشتە کەناراوەکانی بەندەرەکە، پەیامنێرەکەی بی بی سی و ژمارەیەک رۆژنامەنووسی کەم مۆڵەتیان پێدرابوو بۆ چوونە نێو سودان لەم بارودۆخەدا، هەرچەندە ماوەکە کورت بوو.
حەسەن فەراز هاوڵاتیەکی پاکستانیە و دەڵێت، هەست بە دڵنیایی و ئیسراحەت دەکەم، بەڵام لەهەمان کات دڵتەنگم چونکە بە چاوی خۆم بینیم چی روودەدات.
ئەو گوتی “خەڵک بۆ ماوەی چەندین ساڵ باس لەوە دەکەن کە لێرە روویداوە” حەسەن لە ریزێکی دوورودرێژدا چاوەڕێ بوو تاوەکو چێکى پاسپۆرتەکەی بکرێت و بەراورد بکرێت بە لیستی ئەو کەسانەی دەگوازرێنەوە لەلایەن سعودیەوە.
لیستەکەی سعودیە ئەمجارە ژمارەیەکی زۆر گەنجی لە باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە لە خۆی گرتبوو، کە ماوەی دوو هەفتەیە لە جەنگێکی سەختدا خۆیان گرتووە و چاوەڕێ بوون.
هاوڵاتیەکی دیکەی پاکستانی باسی لەو بۆمبانە دەکرد کە بە چاوی خۆی بینیویەتی تەقیونەتەوە.
موهەنەد هاشم، هەڵگری هەردوو رەگەزنامەی سودانی و بەریتانیە و دەڵێت، بۆرتسودان باشترین پەناگەیە لەم جەنگەدا، پێکدادان تەنها رۆژی یەکەم بوونی هەبوو لێرە دواتر ئێرە پڕبوو لە هاوڵاتیانی مەدەنی کە لە خەرتوم و شارەکانی دیکە رایانکردووە.
رۆژنامەنووسەکان گەیشتنە یانەی دەریایی، کە بووەتە ناوەندێک بۆ پێشوازی لە دەیان هەڵاتووی خەرتوم، لێرە هاوڵاتیان لەسەر شەقامەکانیش نوستوون، هۆتێل و باڵەخانەکان پڕن لە هاوڵاتیانی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی جیاوازی دنیا، هەندێک باڵەخانە لەلایەن کونسڵگەریەکان بەپەلە کرابوونەوە بۆ دیبلۆماتکارەکانی وڵاتەکەیان کە دەیان ویست بیانگوازنەوە.
ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی دەترسن لەوەی چانسیان نەبێت لەو وڵاتە رزگاریان ببێت بەتایبەتی کە دەیانزانی رەگەزنامەکانیان کەمتر چانسی رزگارکردنیان هەیە، وەک سوری و یەمەنی و سودانیەکان.
سێ هەزار هاوڵاتی یەمەنی کە زۆرینەیان خوێندکارن لە بۆرتسودان بە دوای دەرچەیەکی رزگاربوون دەگەڕێن، ئەفسەرە سعودییەکان دەڵێن کە رزگاریان دەکەن، بەڵام نیگەران و دودڵن لەو ژمارە زۆرە.
هۆتێل بۆ رزگاربووەکان لە سعودیە بۆ ماوەیەکی کاتی تەرخان کراوە، بەڵام زۆرینەیان لەلایەن وڵاتەکانیان دەبردرێنەوە و کرێی مانەوەشیان لە ئەستۆ دەگرن.
رەشا یەکێکە لە دایکەکان و دەڵێت “تکایە هاوکارمان بن خێزانەکەم هێشتا لە سودانن، بە جیهان بڵێن با سودان بپارێزێت”، رەشا لە کاتی ئەم قسانەدا دەیویست منداڵەکەی ژیربکاتەوە و باسی لە خێزانەکەی دەکرد کە لە شارێکن نزیکی خەرتوم و لەوێ پێکدادانەکان زۆر قورسن.
“لین”ی کچی رەشا تەمەنی تەنها 8 ساڵە و بە زمانی ئینگلیزی روون و بە شێوەزاری ئەمریکی زانیاریەکانی بە رۆژنامەنووسەکان دەوت “چەکدارەکان دایان بەسەر ماڵەکەماندا 10 کەس بوو خێزانەکەمان لە ژووری دواوە خۆمان شاردەوە، بێدەنگ بووم و نەگریام چونکە نەدەبوو گوێیان لەدەنگمان بێت”.
لین گوتی، زۆر توندوتیژ بوون و باوکم پێی گوتین هێزەکانی پشتیوانی خێران و توندوتیژی دژ بە هاوڵاتیان ئەنجام دەدەن.
ئاگرەکەی سودان تەنها ناکۆکی کەسی نیە لەنێوان بورهان و حمێدتی و تەنها ململانێی دەسەڵات نیە، بەڵکو پەیوەندی بە بەرژەوەندی هێزە دیارەکانی وڵاتەکەوەیە.
سعودیە و ئیمارات راهاتبوون لەسەر پشتیوانی حمێدتی و هاوکاری دارایی زۆریان دەکرد بۆ ناردنی سەربازەکانی بۆ یەمەن دژ بە حوسییەکان.
بەڵام لەم ساڵانەی کۆتایی ریاز زۆر لە عەبدولفەتاح بورهان نزیکبووەوە و پەیوەندی لەگەڵ سوپای وڵاتەکە بەهێزکرد.
لەم قەیران و ململانێیەی ئێستادا، ئەمریکا و بەریتانیا و هێزە گەورەکان دەیانەوێت هۆکاری ئاشتی و هاوسەنگرکردنی دۆخەکە بن، هێزە دەرەکییەکان بە یەک زمان قسە دەکەن و داوای ئاگربەست دەکەن.
دیپلۆماتکاران سوپاسگوزاری سعودیەن بەهۆی ئۆپراسیۆنی گواستنەوەی هاوڵاتیان کە تاوەکو ئێستا پێنج هەزار کەسیان لە 100 رەگەزنامەی جیاواز رزگارکردووە و گواستویانەتەوە بۆ جەدەی سعودیە، تەنانەت هاوڵاتیانی ئێرانیشی تێدایە کە وڵاتەکەیان ناکۆکی قوڵیان لەگەڵ سعودیە هەبوو.
نازلی یەکێکە لە ئەندازیارە ئێرانیەکان کە تەمەنی 32 ساڵە و دەڵێت “لە بەختی باشی ئێمەیە کە ئاشتی لەنێوان هەردوو وڵات بەرقەرار بووە”.
کەشتیەکە رۆژی یەکشەممە هاوڵاتیە مەدەنیەکانی لە سودانەوە گواستەوە، هەمووان ماڵئاواییان لەو وڵاتە دەکرد بە خەمەوە کە رەنگە جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە بۆ ئەوێ.