محەمەد شیاع سودانى، شەش مانگ پێش ئێستا سوێندى بوون بە سەرۆکوەزیرانى خوارد، بە درێژایی ئەو ماوەیە، هەر دەرفەتێکى بۆ رەخسا بێت جەختى لە روبەڕوبوونەوەى گەندەڵی و بەتایبەتى پەلکێشکردنى تۆمەتبارانى دۆسیەى دزی سەدە کردووەتەوە، ئەو نایشارێتەوە دەوێت خۆى بڕیاربەدەستى یەکەمى کابینەکەى بێت و رۆڵى دیارى لایەنە سیاسییەکان لەسەر حکومڕانییەکەى کەم بکاتەوە، بەڵام پێناچێت رێگەکەى گوڵڕێژ و پە سەندکراو بێت لای ئەوانەى سودانییان لە کەسێکى بێ پشت و پەناى سیاسییەوە قبوڵکرد بۆ سەرۆکوەزیران.
ماوەیەکە گوڕینى ژمارەیەک وەزیر، کە هەندێکجار باس لە 10 وەزیر دەکرێت بووە بە پرسێکى جددى لەنێو عێراقییەکاندا، رۆژنامەى عەرەب دەڵێت، دۆخەکە گەیشتووە بە دەستشکاندنەوەى سودانى و مالیکى.
هەرچەندە پێش چەند هەفتەیەک نوسینگەى سودانى بە فەرمى گۆڕانکارییە وزارییەکانى رەتکردەوە، بەڵام خۆدى سودانى شەوى 25ى نیسان لە چاوپێکەوتنێکى رۆژنامەنووسیدا نیەتى خۆى نەشاردەوە بۆ گۆڕانکیارییە وزارییەکان و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەى لە نورى مالیکى، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کرد، کاتێک گوتى، لیستی ناوی ژمارەیەک وەزیر دەبەمە پەرلەمان کە دەیانگۆڕم، هەرکەسێکیش ئەم گۆڕانکاریانە رەتبکاتەوە لەبەردەم گەلدا بەرپرسیار دەبێت.
بەگوێرەى رۆژنامەکە سودانی بەنیازە 10 وەزیر بگۆڕێت، کە بەلایەنی کەمەوە چوار وەزیریان مالیکی پشتیوانیان لێدەکات، بۆیە ئەمە مالیکى نیگەران کردووە.
بەگوێرەى چەند سەرچاوەیەک، سودانى بەنیازە لە قۆناغی یەکەمدا چوار وەزیر بگۆڕێت و چانسی دووەم دەدرێت بە وەزیرەکانی دیکە.
بەگوێرەى رۆژنامەکە سودانی و مالیکی چوونەتە ململانێی “دەستشکانەوە” و شەڕی هەژموون دەکەن، سودانی سوورە لەسەر پەیڕەوکردنی دەسەڵاتەکانی و گۆڕانکاریەکان بەگوێرەى ئەو پێوەرانەی لە بەرنامەی حکومەتەکەی رایگەیاندبوو.
لەهەمانکاتدا نزیکەکانى مالیکی و هاوپەیمانەکانی هەڕەشەی لابردن و شکستپێهێنانی سودانی دەکەن لە کاتی ئەنجامدانی گۆڕانکاری فراواندا.
مالیکی هێشتا هەڵوێستێکی روونی لەسەر هەوڵى گۆڕانکارییە وزاریەکان رانەگەیاندووە، ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا رەتیکردەوە ئاگاداری ئەو بابەتە بێت، بەڵام هاوپەیمانەکانی لە رێکخراوی بەدر و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرکردایەتی هومام حەمودی، دەستیانکردووە بە هەڕەشەی ئاشکرا بۆ سەر سودانی.
بلیگ ئەبو کلەل، سەرکردە لە ئەنجومەنی باڵا، ناکۆکیەکەی وەک ناکۆکی نێوان حەلبوسی و سودانی باس دەکات و مالیکی لە بابەتەکە دورخستەوە، دەڵێت، ئەوان رێکناکەون و لەیەک تێناگەن پێویستە یەکێکیان لە پۆستەکەی دوربخرێتەوە و کەسێک شوێنى بگرێتەوە کە پردی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن بێت.
سودانی لەوبڕوایەدا گۆڕینى وەزیرەکان دەسەڵاتی ئەوە و دەڵێت گۆڕینی وەزیرەکان بە میزاجی تاکەکەسی نیە و موجامەلەی هیچ سەرکردە و پارتێکی سیاسی ناکەم، هەندێک لایەنی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێن لە بنەڕەتدا حکومەتەکەی سودانی حکومەتێکی پشکداریە، هەرچەندە سودانی دەسەڵاتی گۆڕانکاری لە پۆستەکان هەیە، بەڵام هەر گۆڕانکاریەکی وزاری دەبێت بە رێککەوتن بکرێت لە نێو چوارچێوەی هەماهەنگی.
بەگوێرەى سەرچاوە نافەرمییەکان وەزیرانی کشتوکاڵ، بازرگانی، سەرچاوە ئاویەکان، خوێندنی باڵا، بەرگری، ناوخۆ و نەوت لەبەردەم مەترسی گۆڕیندان.
لەنێو ئەو وەزیرانەدا چەند کەسێکیان سەر بەو گروپە چەکدارانەن کە ئەمریکا سزای داون، هەندێکیشیان پەیوەندیان بە ناکۆکی ناوخۆ هەیە وەک وەزیری نەوت کە سەر بە هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسایە، گۆڕینى وەزیری ناوخۆش پەیوەندی بە هەندێک رووداوی ئەمنی هەیە لە پارێزگاکانی دیالە و بابل بەتایبەتی دۆسیەی هەڵاتنی بەرپرسی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی.
سودانی بەردەوام دەیەوێت وەزیرەکان بەگوێرەى بەرنامەی حکومەت کار بکەن و لەژێر فەرمانی ئەودا بن، بەڵام هەندێک لە وەزیرەکان فەرمان لە حیزبەکانیان وەردەگرن و پۆستەکەیان وەک پشک دەبینن و لەو بڕوایەدان هەموو ماف و دەسەڵاتێکیان هەیە و سەربەخۆن.