زووم، ئاژانسەکان:
هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکاندا لە هەرێمی کوردستان، وەرزی قۆپیەچییەکانیش دەستیپێکردووە.
باندەکان لەگەڵ هاتنەوەی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکاندا خۆیان رێکدەخەنەوە، لە رێگەی سۆشیالمیدیاوە ریکلام بۆ فرۆشتنی پرسیار دەکەن، بە خوێندکاران دەڵێن لە رێگەی ئامێری ئەلیکترۆنییەوە یارمەتییان دەدەن لە قۆپیەکردندا.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پەروەردە دەڵێت ئەم باندانە خوێندکاران فریودەدەن، هیچ کەسێک نییە بەر لە تاقیکردنەوەکان پرسیاری لا بێت، وەرەقەی تاقیکردنەوەکانیش لە رووی سکویریتییەوە زۆر بەهێزن، لە هەندێ حاڵەتدا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەتوانن شوێنی کەسەکە ئاشکرابکەن.
بەرپرسەکەی وەزارەتی پەروەردە بە زوومی گوت، هێزەکانی ئاسایش لە هەولێر و سلێمانی زیاتر لە پێنج باندیان دەستگیرکردووە، کە “خوێندکاریان فریوداوە پرسیاری تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانیان پێ دەفرۆشن، یاخود لە تاقیکردنەوەکاندا قۆپیەیان بۆ دەکەن”.
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی نۆی بنەڕەتی، ئەم باندە فریودەرانە لە ئێستاوە دەستیان بە کار کردووە و لەگەڵیشیدا خۆیان بۆ تاقیکردنەوەکانی 12ی ئامادەیی ئامادە کردووە، کە بە گرنگترین تاقیکردنەوە بۆ خوێندکاران دادەنرێت و پێدەچێت ئەمساڵ زیاتر لە 124 هەزار خوێندکار بەشداریی تێدا بکەن.
وەزارەتی پەروەردە تیمی تایبەتی هەیە، کە مۆنیتەرین دەکەن و لەنێو سۆشیالمیدیادا بەدوای ئەو پەیجانەدا دەگەڕێن، کە ریکلام دەکەن بۆ فرۆشتنی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە.
ئەو تیمەی وەزارەتی پەروەردە کەسانی تایبەتمەندی تێدایە، هەر ئەوان راپۆرتیان داوە و دواتریش وەزارەتی پەروەردە سکاڵای تۆمارکردووە، هێزەکانی ئاسایشیش هەڵمەتیان دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا پێنج باندیان دەستگیرکردووە.
بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی پەروەردە شێوازی کارکردنی ئەو باندانەی بۆ زووم ئاشکراکرد و گوتی، ئەوان ریکلام دەکەن بۆ ئەوەی شەوی بەر لە تاقیکردنەوە پرسیاری تاقیکردنەوەکانیان پێ دەفرۆشن، کە لە بنەڕەتدا ئەمە راست نییە، چونکە هیچ کەسێک بەر لە تاقیکردنەوەکان و تاوەکو کاتژمێر شەش و نیوی سەرلەبەیانیی پرسیاری لەلا نییە، تەنانەت گواستنەوەی پرسیار بۆ شار و شارۆچکەکانیش لەژێر رێوشوێنێکی ئەمنیی تونددا دەبێت.
بەشێکی دیکەی کاری ئەو باندانە بریتییە لە فرۆشتنەوەی ئامێری قۆپیەکردن، بەرپرسە باڵاکەی وەزارەت بە زوومی گوت، هەندێجار خوێندکاریان فریوداوە و ئامێرێکی بلوتوزی سادەیان بە 300 دۆلار پێ فرۆشتووە، هەندێجار خوێندکار هەبووە نزیکەی هەزار دۆلاری داوە و تەنها لەلایەن ئەو باندانەوە فریودراوە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی پەروەردە، رێنمایی خوێندکارانی کرد کە بە قسەی ئەو باندانە فریو نەخۆن، چونکە نە پرسیاریان دەستدەکەوێت و نە دەشتوانن قۆپیە بکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی زووم لە دوو ساڵی رابردوودا، کە سەدان هەزار قوتابی تاقیکردنەوەیان کردووە، رێژەی قۆپیەکردن دابەزیوە. دوو ساڵ لەمەوبەر 500 حاڵەتی قۆپیەکردن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام ساڵی رابردوو ژمارەکە بۆ 250 حاڵەت دابەزیوە. پێدەچێت ئەمساڵ ژمارەکە زۆر کەمتر ببێتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی زووم، هەر کەسێک پرسیاری تاقیکردنەوەکان ئاشکرابکات، سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەگەر لە وەزارەتی پەروەردە بێت ئەوا لە وەزیفەکەی دەردەکرێت و شەش ساڵیش زیندانی دەکرێت، ئەگەر فەرمانبەری وەزارەتی دیکە بێت، ئەوا سێ ساڵ زیندانی دەکرێت و لە وەزیفەش دەردەکرێت، بۆ خەڵکانی ئاسایی حوکمەکەیان کەمتر نابێت لە سێ ساڵ زیندانیکردن.