زووم:
تاوەکو دێت دەستگیرکردنی شەرمین عەلی و ئارام سایەخان لە گەرمیان، کاردانەوەی زیاتری لێدەکەوێتەوە. بەشێک لە کاردانەوەکان رەخنەگرتنە لە شێوازی دەستگیرکردنیان، بەوپێیەی هێزێکی ئەمنی ئەگەرچی خۆیان دەڵێن فەرمانی دادوەریان پێ بووە، بەڵام چوونەتە سەر ماڵەکەیان و دەستگیریان کردوون.
شەرمین عەلی و ئارام حەسەن سایەخان، فەرمانبەری وەزارەتی دارایی هەرێمن، شەرمین هاوکات رۆژنامەنووسە و پێشتر لە چەند دەزگایەکی میدیایی کاریکردووە لەوانەش، میدیای بزوتنەوەی گۆڕان. ئارام سایەخانی هاوسەریشی پێشتر بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەی پەروێزخان بووە. شێوازی دەستگیرکردنەکەیان وایکرد، کاردانەوەی فراوان بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ئەگەرچی سەرچاوەکانی ئاسایش دەڵێن، ئەو هێزەی شەرمین و ئارامیان دەستگیرکردووە، فەرمانی دادوەریان پێ بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی روونکردنەوەی لەوبارەیەوە نەداوە.
شەرمین و ئارام رۆژی چوارشەممەی رابردوو دەستگیرکران، چەند کاتژمێرێک دوای دەستگیرکردنەکەیان زووم لە رێگەی چەند سەرچاوەیەکی جیاوازەوە ئاشکرایکرد کە ئاسایش (شەرمین وئارامی) دەستگیرکردووە.
ئەوکات ئاسایش بێ ئەوەی دۆسیەکەیان روونبکاتەوە بە زوومی گوت، دەستگیرکردنی ئەو دووکەسە بەفەرمانی دادوەر بووە.
هەر لەبارەی دۆسیەی شەرمین و ئارامەوە، پارێزەر بەشدار حەسەن، کە ئەمساڵ لە ئەمریکا خەڵاتی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا وەرگرت، بە زوومی گوت، لەبارەی دەستگیرکردنی شەرمین و ئارامەوە راپۆرتێکی بۆ یۆنامی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کونسوڵخانەکانی ئەمریکا و کەنەدا ناردووە، بەشدار حەسەن دەڵێت، ئەو لایەنانە وەڵامیان داوەتەوە و گوتوویانە کار لەسەر دۆسیەکە دەکەن.