گروپی ڤاگنەری روسی، کە بەشێک لە میدیاکانی جیهان بە گروپی “بەکرێگیراو”ـی روسیا ناوی دەبەن، هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچەی باخموتی رۆژهەڵاتی ئۆکراین دەکات کە لە ئێستادا ناوچەرگەی شەڕی روسیا و ئۆکراینە.
یەڤگێنی پریکۆژین، سەرۆکی گرپەکە دەڵێت ژمارەی قوربانیانی ئەندامی گروپەکەی لە باخموت پێنج ئەوەندەی کە ئێستا هەیە کەمتر دەبوو ئەگەر چەک و تەقەمەنییان بۆ دابین بکرایە. ئەمەش لەکاتێکدایە ئۆکراین رایگەیاندووە کە روسیا نەیتوانیوە رێگریی لە سوپای وڵاتەکەی بکات چەک بۆ بەرەکانی جەنگ رەوانە بکات.
لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، جۆن کێربی گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، گروپی ڤاگنەر زیاتر لە 50 هەزار سەربازیی لەناو خاکی ئۆکرایندا هەیە، کە 10 هەزاریان بەشێوەی گرێبەست بوون بە سەرباز و 40 هەزاریشییان زیندانییەکانی روسیان و بۆ داگیرکردنی ئۆکراین دەرهێنراون. بەڵام ژمارەی راستەقینەیان نەزانراوە و لە بەشێک لە میدیا جیهانییەکاندا ژمارەیان لە خاکی ئۆکرایندا لە نێوان هەزار بۆ 10 هەزار سەرباز خەمڵێندراوە.
پریکۆژین لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ بلۆگەرێکی روسی لە بەرەکانی جەنگ رایگەیاند، بەهۆی کەمیی چەک و تەقەمەنییەوە ژمارەی قوربانیانی گروپەکەی پێنج هێندە لە ژمارەی ئاسایی و پێویست زیاترە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “هەموو رۆژێک بە هەزاران لاشەی سەربازەکانمان دەخەینە تابووتەوە و دەیاننێرینە ماڵەوە.”
داواشی لە سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی روسیا، کردووە بەزووترین کات چەکیان بۆ رەوانە بکات.
گوتیشی، “ئەگەر کورتهێنانی تەقەمەنی پڕ نەکرێتەوە، ئێمە ناچار دەبین یان بکشێینەوە یان بمرین، بۆ ئەوەی دوایی وەک جرجێکی ترسنۆک رانەکەین.”
راشیگەیاندووە، ئەگەری کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی لە باخموت هەیە، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە ئەو کشانەوەیە دەبێتەهۆی شکستی هێزەکانی روسیا لە بەرەکانی جەنگ لە ناوچەکانی دیکە. هێزەکانی سوپای روسیاشی تۆمەتبارکرد بەوەی کە چەکی پێویستی بۆ سەربازەکانی دابین نەکردووە. بەپرسی سەربازی باڵای روسیاشی بە “خیانەت” تۆمەتبارکرد.
ئەم هەڕەشانەی ڤاگنەر لەکاتێکدایە، پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگی، کە بارەگاکەی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکایە رایگەیاند، سەرۆکی ڤاگنەر و هێزەکەی لەکۆی ئەو 4000 هاوەنی رۆژانەی کە لە وەزارەتی بەرگریی روسیا داوایکردووە، تەنها 800 دانەی بۆ دابینکراوە.
پەیمانگاکە دەشڵێت، پریکۆژین هۆشدارییداوە کە هێرشی پێچەوانەی ئۆکراین بەر لە 15ی ئایار دەستپێدەکات بەڵام روسیا هیچ پەلە ناکات لە خۆئامادەکردن بۆ شەڕەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “رەنگە هەڕەشەی کشانەوەی ڤاگنەر بۆ ئەوەبێت کە پریکۆژین لەوە بترسێت هێزەکانی روسیا کە لە بەرەی دواوەی جەنگەکەن، روبەرڕوی زیاتری هێرشە پێچەوانەکە ببنەوە.”
ماوەی 10 مانگە هێزەکانی روسیا لە شەڕدان بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری باخموت، کە لە ئێستادا لە وێرانەیەک دەچێت، لەکاتێکدا پێشتر جێگەی نیشتەجێبوونی 70 هەزار کەس بوو. شەڕی ئەو شارە بە “مەکینەی قیمە” ناودەبرێت بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانی شەڕی روسیا و ئۆکراین لەوشارە بووە.
هێزەکانی ئۆکراین دەڵێت روسیا دەمێکە دەیەوێت رێگەی هاتنی چەک و تەقەمەنیمان لێبگرێت، بەڵام تا ئێستا نیتوانیوە ئەوکارە بکات و بەهۆی گەیشتنی چەکەکانمانەوە توانیومانە بەردەوام بین لە خۆڕاگری و پاراستنی شارەکە لە داگیرکارییەکانی روسیا.
شاری باخموت شارێکی تراتیژییە بۆ روسیا، ئەگەر بێت و روسیا ئەو شارە کۆنترۆڵ بکات، ئەوا چونە ناو قوڵایی ئۆکراین ئاسانتر دەبێت بەتایبەت شاری چاسیڤ یار. بەڵام هێزەکانی ئۆکراین بەڵێنیان داوە بەرگریی لە کەوتنی ئەوشارە بکەن و پارێزگاریی لێبکەن.