بەگوێرەى لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوتووە شێرپەنجەی منداڵدان لەنێو ژنانی کەم تەمەنی ئەمریکا روی لە زیادبووندایە، بەتایبەتی ژنانی بە رەچەڵەک هیسپانی، کە ئەو ژنانە دەگرێتەوە بە رەچەڵەک خەڵکی کوبا، مەکسیک، پوێرتۆ ریکان و ناوەڕست و باشوری ئەمریکا یان هەر نەتەوەیەکی دیکەی کلتوری ئیسپانین.
زانایانی ئەو بوارە دەڵێت تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نازانن، بەڵام دەبێت هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک.
بۆ ماوەی شەش ساڵ، مارسا دێجولیانی دانیشتووی ویلایەتی کارۆلاینای باکور، کە لە کۆتایی سییەکانی تەمەنیدایە و دایکی دوو منداڵە بەدەست نەخۆشی کەمخوێنی و خەمۆکییەوە دەناڵێنێت. بەهۆی هیلاکی و ئازارەوە چەندین جار نەیتوانیوە لە کارەکەی بەردەوامبێت کە کاری پاککردنەوە و رێکخستنی ماڵان بووە.
لەماوەی ئەو ساڵانەدا، مارسا بەهۆی ئەوەی بەردەوام خوێنی لێ رۆیشتووە و لە سوڕی مانگانەی خۆیدا دواکەوتووە، توشی خەمۆکییەکی قوڵبووە و هەر ئەمەش وایکردوود توشی کەمی ئاسن بێت لە جەستەیدا کە بەهۆیەوە سێجار ئاسن کراوەتە نێو خوێنەکەیەوە.
نەخۆشییەکەی هێندە تەنگی پێهەڵچنیوە دەڵێت، “نەمدەویست چیتر لەم ژیانەدا بوونم هەبێت و دەمەویست بمرم و لەم ناخۆشییە رزگارم بێت.”
لە هاوینی ساڵی 2019 دوای پشکنین پزیشکەکانى پێیانگوتووە چەند خانەیەکی شێرپەنجەیی لەنێو منداڵدانیدا هەن و دوای دوو مانگ و لە تەمەنی 39 ساڵیدا نەشتەرگەریی دەرهێنانی منداڵدانیان بۆکرد.
ئێستا کە تەمەنی 42 ساڵە، مارسا دۆخی تەندروستی جێگیرە و دەڵێت، “سوپاسگوزارم و ئێستا هەست بە ئاسودەیی زۆرتر دەکەم.”
شێرپەنجەی منداڵدان زیاتر لەنێو ژنانی بەتەمەندا باوە و زیاتر کاریگەریی لەسەر ژنانی رەشپێشت هەیە، بەڵام بەگوێرەی توێژینەوەیەک، دەرکەوتووە کە لە ژنانی بەتەمەندا و بەتایبەتى ژنانی هیسپانی روو لە زیادبووندایە.
لە ساڵی 2018 دا، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر نەخۆشانی شێرپەنجەی منداڵداندا کراوە، دەرکەوتووە نەخۆشییەکە لە ژنانی تەمەن 35 بۆ 39 ساڵیدا لە بەرزترین ئاستیدایە و لە ژنانی هیسپانی بە رێژەی 50% زیاترە وەک لە ژنانی دیکەی سپی پێستی ئەمریکا. رێژەکەش لە ساڵی 2001ەوە، ساڵانە 4% زیادیکردووە.
یەکێک لەو هۆکارانەی بۆچی نەخۆشییەکە لە ژنانی کەم تەمەندا زیاتر بەربڵاوە، ئەوەیە کە بەهۆی چالاکیی سوڕی مانگانەوە بە دەگمەن دەتوانرێت جیاوازی جۆری خوێنبەربوونەکان بکرێت، تەنها لە کاتێکدا نەبێت کە پشکنینیان بۆ بکرێت.
ئەو ژنانەی توشی نەخۆشییەکە دەبن، توشی مەترسییەک دەبن کە کۆتایی بە خەونی دایکایەتیی دەهێنێت، ئەگەر لە پێشدا منداڵیان نەبووبێت یان بیانەوێت منداڵی دیکەیان هەبێت.
مارسا بۆ خۆپاراستنیان لەو نەخۆشییە، ئامۆژگارییەکی ژنان دەکات و دەڵێت هەرکاتێک خوێنبەربوونێکی زۆریان هەبوو، سەردانی پزیشک بکەن.
سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا هۆکاری نەخۆشییەکە نەزانراوە، زانایان دەڵێن قەڵەوی و نەخۆشی شەکرە هۆکارێن بۆ زیادبوونی مەترسی توشبوون بەو نەخۆشییە. لەگەڵ ئەوەشدا بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیان و خواردنی خۆراکی تەندروست بە هۆکار دەزانن بۆ خۆپاراستن لێی.