میخایل رازڤۆژایێڤ، پارێزگاری دانراوی روسیا لە شاری سێڤاستۆپۆلی دورگەی کریمیا، کە لە ساڵی 2014ەوە لەلایەن روسیاوە داگیرکراوە، رایگەیاند بەرەبەیانی رۆژی شەممە بەهۆی هێرشی درۆنێکەوە ئاگرێکی گەورە لەو شارەدا کەوتووەتەوە.
میخایل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام رایگەیاند بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە عەمبارەکە گڕی گرتووە و تیمەکان خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
بەهۆی ئاگرەکەوە، روبەری هەزار مەتر چوارگۆشە گڕی گرتووە و دوکەڵێکی گەورەی لە ئاسمانی ئەوشارەدا دروستکردووە.
An oil depot is on fire in Sevastopol after being hit by a drone in the early morning. pic.twitter.com/ll8zY2v8a2
— Anton Gerashchenko (@Gerashchenko_en) April 29, 2023
ئاماژەی بەوەشکردووە کە هیچ کەسێک لە ئاگرەکەدا زیانی پێنەگەیشتووە و تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەکەدا رانەگەیاندووە.
دووشەممەی رابردوو، میخایل رایگەیاند کە هێزەکانی روسیا درۆنێکی ئۆکراینیان خستۆتە خوارەوە کە بەنیازی ئەنجامدانی هێرش بووە بۆسەر هەمان شار و دوای ئەوەش درۆنێکی دیکە تەقیوەتەوە، بەڵام جگە لە شکاندنی پەنجەرە و شوشەی چەند باڵەخانەیەک، هیچ زیانێکی دیکەی نەبووە.
هێرشەکە بە یەکێک لە تازەترین هێرشەکانی شاری سەڤاستۆپۆل دادەنرێت کە بە سەرەکیترین بنکەی کەشتیوانی دەریای رەشی سوپای روسیا دادەنرێت. لە هێرشەکانی پێشوودا بەرپرسانی ئۆکراین بە ئاشکرا بەرپرسیارییەتی خۆیان رانەگەیاند، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردبوو ئەگەر هەر هێرشێک بکەن، مافی خۆیانە لەبەرامبەر لەشکركێشی روسیا بۆسەر وڵاتەکەیان تۆڵە بکەنەوە.
هێرشەکەی سەر ئەو شارە رۆژێک دوای چەند هێرشیکی موشەکی روسیا دێت کە لەچەند شارێکی ئۆکراین ناوچە نیشتەجێکانی وڵاتەکەیان کردە ئامانج و بەهۆیەوە 25 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا. بەهۆی هێرشەکانی روسیاوە، ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین داوای لە هاوپەیمانان کرد کە سیستمی بەرگریی باشتر و فڕۆکەی جەنگیی بۆ وڵاتەکەیان دابینبکەن.